به‌هۆی بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان زێدان له‌ كارگێری ڕیال مه‌درید توڕه‌یه‌

23/09/2020 - 10:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

ڕاپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان له‌ فه‌ڕه‌نسا ئاشكرایان كردووه‌ زێنه‌دین زێدانی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ كارگێری یانه‌كه‌ی توڕه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هاوینه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان جێ به‌جێ نه‌كردووه‌و كارگێری یانه‌كه‌ بریاریداوه‌ هیچ گرێبه‌ستێك واژوو نه‌كات و دوایان بخات.
به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستی كردووه‌ یانه‌ی ریال مه‌درید بریاریداوه‌ هیچ گرێبه‌ستێك واژوو نه‌كات چونكه‌ یانه‌كه‌ توشی زه‌ره‌ری زۆر هاتووه‌ به‌م هۆیه‌وه‌و نایه‌وێت زیاتر خۆی بخاته‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی لیكیپی فه‌ڕه‌نسی ئاشكرای كردووه‌ زێدان رازی نیه‌ به‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی بچێته‌ ركابه‌ری وه‌رزی نوێ به‌بێ ئه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌ چونكه‌ بروای وایه‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستا توانای ئه‌وه‌ی نیه‌ ركابه‌ری له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی نازناوه‌كان بكات.
زێدان داوای له‌ كارگێری ریال مه‌درید كردووه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ كیلیان مبابێی هێرشبه‌ری پاریس سان جێرمان و هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا و پۆڵ پۆگبای یاریزانی ناوه‌ڕاستی مانچسته‌ریۆنایتد و هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا و ئیدواردۆ مامافینگای یاریزانی ناوه‌ڕاستی ڕین واژوو بكه‌ن، به‌ڵام كارگێری یانه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ گوێ له‌ زێدان بگرێت و چونكه‌ بڕوایان وابووه‌ هێنانی ئه‌م سێ یاریزانه‌ پاره‌یه‌كی زۆری تێده‌چێت له‌ ئێستادا ئه‌و توانایایه‌یان نیه‌ جێ به‌جێی بكه‌ن.
زێدان به‌ر یاری به‌رامبه‌ر ریال سۆسیداد له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی گوتی ره‌نگه‌ به‌ر له‌ داخستنی ده‌رگای گواستنه‌وه‌ی یاریزانان شتێك روو بدات، به‌مه‌ش ده‌یه‌وێت به‌رهه‌ڵستی بریاری كارگێری یانه‌كه‌ بكات و ناچاریان بكات داواكارییه‌كانی جێ به‌جێ بكه‌ن.
له‌یه‌كه‌مین یاری ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ لالیگا ریال مه‌درید به‌ ئاستێكی لاواز ده‌ركه‌وت كاتێك له‌گه‌ڵ ریال سۆسیداد به‌رامبه‌ر بوو.
ئه‌م تیپه‌ له‌وه‌رزی رابردوو توانی نازناوی لالیگا بباته‌وه‌و له‌ قۆناغی 16می یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانیش له‌سه‌ر ده‌ستی مانچسته‌رسیتی ماڵئاوایی كرد.
ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌كه‌ ده‌ست به‌رداری چه‌ندین یاریزان بووه‌ له‌وانه‌ بێل و جێمس رۆدریگیز و چه‌ند یاریزانێكی تر به‌ڵام هیچ یاریزانێكی بۆ تیپه‌كه‌ نه‌هێناوه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌ یانه‌كانی تر به‌شێوه‌ی خواستن یارییان ده‌كرد به‌شێكیان گه‌راونه‌ته‌وه‌ تیپه‌كه‌ ئه‌ویش ره‌نگه‌ به‌دلی زێدان نه‌بێت.