به‌رشلۆنه‌ سێ گرێبه‌ست واژۆ ده‌كات

سامان زاهير 22/09/2020 - 10:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

رۆژنامه‌كانی كاتالۆنیا دووپاتیان كرده‌وه‌ له‌دوای رۆیشتنی نیلسۆن سیمیدۆ له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بۆ ولفرهامبتۆنی ئینگلیزی له‌به‌رامبه‌ر 40 ملیۆن یۆرۆ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ئاماده‌ ده‌بێت سێ گرێبه‌ست واژوو بكات.
له‌دوای هاتنی رۆناڵد كومانی راهێنه‌ر یانه‌كه‌ تا ئێستا هیچ گرێبه‌ستێكی واژوو نه‌كردووه‌ ته‌نها گۆڕینه‌وه‌ی ئارسه‌ر میلۆی به‌رازیلی به‌ میرالیم پیانیچی بۆسنی، له‌ ئێستاشدا ئه‌م راهێنه‌ره‌ داوای كردووه‌ یانه‌كه‌ چه‌ند گرێبه‌ستێك واژوو بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌رزی نوێ ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش بكات و بتوانێت ركابه‌ری له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی نازناوه‌كان بكات.
له‌ ئێستادا یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ نزیكه‌ سێ گرێبه‌ست واژوو بكات بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستی به‌ هه‌وڵه‌كانی كردووه‌.
یه‌كه‌مین یاریزان كه‌ كومانی راهێنه‌ر هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ده‌دات سێرجینیۆ دیستی یاریزانی ئه‌مه‌ریكی یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندیه‌.
ئه‌م یاریزانه‌ له‌ هێڵی به‌رگری لای ڕاست یاری ده‌كات و ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات و ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌، له‌ ئێستادا یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ پێشكه‌ش كردووه‌، جگه‌ له‌ به‌رشلۆنه‌ بایرن میونخی ئه‌ڵمانیش هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ده‌دات به‌ڵام تا ئێستا ئه‌یاكس ئاماده‌ نه‌بووه‌ ده‌ست به‌رداری ئه‌م یاریزانه‌ بێت.
دووه‌م یاریزان كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ داوای كردووه‌، یاریزانی ئیسپانی یانه‌ی مانچسته‌رسیتی ئینگلیزی ئیریك گارسیا مارتیریته‌ ئه‌م یاریزانه‌ش له‌ هێڵی به‌رگری لای ڕاست یاری ده‌كات.
ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت داهاتوویه‌كی باشی هه‌بێت، له‌ ئێستاوه‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌ستی به‌ هه‌وڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كردووه‌و بڕی 15 ملیۆن یۆرۆی پێشكه‌ش سیتی كردووه‌ به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوون به‌ رێككه‌وتن ، گرێبه‌ستی ئه‌م یاریزانه‌ له‌ هاوینی 2021 له‌گه‌ڵ سیتی كۆتایی پێدێت و یانه‌كه‌ش داوای 40 ملیۆن یۆرۆ ده‌كات بۆ ده‌ست به‌ردار بوونی ، گارسیا به‌ ، به‌رپرسانی سیتی راگه‌یاندووه‌ ئاره‌زوو ناكات گرێبه‌سته‌كه‌ی تازه‌ بكاته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌ داهاتوو بۆ یاری كردن په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بكاته‌وه‌.
یاریزانێكی تر كه‌ جێگه‌ی گرنگی پێدانی زۆری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ممفیس دیبای هۆڵه‌ندیه‌ ، ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌و به‌ قاچی ڕاست یاری ده‌كات و له‌ هێڵی هێرشبردن یاری ده‌كات.
ئه‌م یاریزانه‌ له‌ یانه‌ی لیۆنی فه‌ڕه‌نسیه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌هاوینی داهاتوو كۆتایی پێدێت به‌رشلۆنه‌ ئاماده‌یه‌ به‌ 25 ملیۆن یۆرۆ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ واژوو بكات به‌ڵام یانه‌كه‌ی ئاماده‌ نیه‌ به‌و پاره‌یه‌ ده‌ست به‌رداری بێت و هه‌وڵ ده‌دات گرێبه‌سته‌كه‌ی تازه‌ بكاته‌وه‌.
راهێنه‌ر كومان به‌باشی ئه‌م یاریزانه‌ ده‌ناسێت چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا به‌یه‌كه‌وه‌ كارییان كردووه‌ ئه‌وكاته‌ی راهێنه‌ری هۆڵه‌ندا بووه‌، ئه‌م یاریزانه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه‌و تا ئێستا خاوه‌نی چوار گۆڵه‌ له‌م وه‌رزه‌ی خولی فه‌ڕه‌نسا پێشه‌نگی گۆڵكارانی گرتوه‌.