به‌رشلۆنه‌ به‌ زه‌حمه‌ت له‌ بلباوی برده‌وه‌و پێشه‌نگی لالیگای وه‌رگرته‌وه‌

بۆتان عومه‌ر 24/06/2020 - 11:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

له‌سه‌ر یاریگای نیوكامپ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ به‌ زه‌حمه‌ت بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌تله‌تیك بلباو به‌گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێناو به‌شێوه‌یه‌كی كاتی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی وه‌رگرته‌وه‌.

هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی یارییه‌كه‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ به‌ هێرشبردن ده‌ستی پێكرد به‌مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌و به‌ده‌ست هێنانی سێ خاڵه‌كه‌، چه‌ند جارێك نزیك كه‌وتنه‌وه‌ له‌ گۆڵی تیپی به‌رامبه‌ر به‌ڵام یاریزانانی به‌رگری تۆپه‌كانیان دوور ده‌خسته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا یاریزانانی بلباو بێ ده‌نگ نه‌بوون له‌ رێگه‌ی ئینیاكی ولیامز به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا گۆڵ تۆمار بكه‌ن و جارێك خۆیان نزیكی گۆڵ كرده‌وه‌و لێدانێكیان ئاڕاسته‌ كرد به‌ته‌نشت ستوون چووه‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌مجاره‌یان لویس سوارێز چانسی خۆی تاقی كرده‌وه‌و لێدانێكی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێڵی سزا ئاڕاسته‌ی گۆڵ كردوو گۆڵچی تۆپه‌كه‌ی گرته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ یاریزانانی بلباو تۆپێكی جێگیریان بۆ ناو هێڵی سزا به‌رز كرده‌وه‌و به‌ لێدانێكی سه‌ر تۆپه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌وه‌ی گۆڵ كرا گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه‌ كۆتایی هات.

له‌گێمی دووه‌م به‌رشلۆنه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بوو گۆڵی بردنه‌وه‌ تۆمار بكات، میسی له‌ناو هێڵی سزا هه‌وڵیدا یاریزانه‌كان ببڕێت تۆپه‌كه‌ی لێ سه‌ندرایه‌وه‌و دوور خرایه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌و تۆپه‌ كه‌وته‌ به‌رده‌م قاچی راكیتیچ ئه‌ویش خستیه‌وه‌ به‌رده‌م میسی و میسیش قاچێكی گه‌یانده‌ تۆپه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ به‌رده‌م راكیتیچ ئه‌ویش توانی تاكه‌ گۆڵی تیپه‌كه‌ی پێ تۆمار بكات كه‌ گۆڵی ژماره‌ 50 بوو له‌مێژوویدا له‌گه‌ڵ به‌رشلۆنه‌ تۆمار ده‌كات.

له‌دوای ئه‌وه‌ یاریزانانی بلباو هه‌وڵیاندا ئه‌نجامه‌كه‌ به‌رامبه‌ر بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود بوو، یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ش خه‌ریك بوو گۆڵی دووه‌م تۆمار بكات به‌ڵام گۆڵچی بلباو تۆپه‌كه‌ی گه‌رانده‌وه‌.

به‌م ئه‌نجامه‌ش به‌رشلۆنه‌ براوه‌ بووه‌ ژماره‌ی خاڵه‌كانی بوو به‌ 68 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی گه‌رایه‌وه‌ پێشه‌نگی یانه‌كانی خوله‌كه‌.