میدیای كوردیش سته‌م له‌ سه‌رهه‌نگ محسین ده‌كات

بۆتان عومه‌ر 15/05/2021 - 19:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی ناوخۆیی

لە ماوەی ڕابردوو یەكێك بووم لە رۆژنامەنوسانەی ڕەخنەم لە ئاستی سەرهەنگ محسینی گۆڵپارێز گرووتوە، هەندێك جار پێم وابوو شایستەی پێكهاتەی سەرەكی یانەی هەولێر نەبووە، بەڵام ئێستا ئەم گۆڵپارێزە، كە لە یانەی ئەمانەی بەغداد یاری دەكات، ئاستێكی هێندە بەرز پێشكەش دەكات زوڵمێكی گەورەی لێدەكرێت بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق ناكرێت، لە كاتێكدا گۆڵپارێزەكانی ئێستای هەڵًبژاردەی عێراق لە ئاستی سەرهەنگ دا نین.
نەبوونی میدیایەكی وەرزشی كاریگەر لە كوردستاندا، كە ببێتە هۆی فشار و خاڵی گۆڕانكاری ، هۆكارێك بووە تاکو سەرهەنگ درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی نەپۆشێت، ئەگەر ئێمە میدیایەكی كاریگەریمان هەبێت و جگە لە زمانی دایك بە زمانی عەڕەبیش تیشکی خستبووایە سەر ناشیرینەكانی وەرزش و خراپی دۆخی وەرزشی كوردستان و عێراق ، ئەو میدیایەش ھێندە کاریگەربووایە بۆ دەست لە كاركێشانەوەی ئەو بەرپرسە نا بەرپرسانەی دۆخی وەرزشی كوردستان و دواتریش وەرزشی عێراقیان بەم رۆژە گەیاندووە، ئێستا ھەر ئەو میدیایە ئاستی راستەقینەی سەرھەنگ موحسینی گۆڵپارێزی دەردەخست و بە شایستەیی لە پێکھاتەی ھەڵبژاردەینعێراق دەبوو .
بەجۆرێکی دیکەش میدیا دەیتوانی ئەو رۆڵە گەورە و گرنگەی سەرهەنگ لەگەڵ ئەمانەی بەغداد هەیەتی بە باشی و جوانی بگەیەنێت و ئیتر فشارەكان بۆسەر هەڵبژاردەكە هێندە زۆر بكات، بە ناچاری بانگهێشتی هەڵبژاردەكە بكرێت.
ئەگەر لەماوەی ڕابردوو پێمان وابێت ڕەگەزپەرستی زاڵ نەبووە بەسەر بانگهێشت نەكردنی یاریزانە كوردەكان بۆ هەڵبژاردەی عێراق، ئەوا بابەتی سەرهەنگ محسین و بانگھێشنەکرانی ، دەرگایەکە بەڕووی رەگەزپەرستی دەکرێتەوە یان بەلایەنی کەم مەترسی دروستبوونی رەگەزپەرستی لێ دەخوێندرێتەوە ، ھیواداریشم لەم خوێندنەوەیەم بەھەڵەداچووبم .
ناكرێت گۆڵپارێزێك لە 12 یاری ئەم وەرزە كلین شیتی هەبێت و بانگهێشنی هەلبژاردەی عێراق نەكرێت.
میدیای وەرزشی نەیتوانیوە ببێتە دەسەڵاتی چوارەم و ، تەنانەت بەشێك لە میدیاكارانی وەرزشی هۆكارن بۆ پێشنەكەوتن و نەبوونی دەنگێكی بەرزی كاریگەر ، تاکو ئاستی یاریزانانی کورد وەکوخۆی وێنا بکرێت