چێلسی و ریال مه‌درید شه‌ڕی گه‌یشتن به‌ یاریكۆتایی چامپیونس لیگ ده‌كه‌ن

سامان زاهیر 27/04/2021 - 12:13 بڵاوکراوەتەوە لە هه‌واڵی وەرزشی

له‌سه‌ر یاریگای ئه‌لفرید دی ستیڤانۆ له‌یاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا یانه‌ی ریال مه‌درید میوانداری چێڵسی ده‌كات.
زێدانی راهێنه‌ر تیپه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باش بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ كردووه‌و باش ده‌زانێت ئه‌ركی ئاسان نیه‌و ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت چاوه‌ڕوانی ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ ریال مه‌درید له‌تواناكانی هه‌ریه‌ك له‌ سێرجیۆ رامۆس و لۆكاس فاسكێز و فیدی ڤالڤێردی و فێرلاند مێندی بێ به‌ش ده‌بێت به‌مه‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌شداری نه‌كردنی ئه‌م یاریزانانه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هێڵی به‌رگری و ناوه‌راستی ریال مه‌درید ده‌بێت چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ی پێكهاته‌ی ریال مه‌درید داده‌ندرێن و هه‌ركات ئه‌وانه‌ یارییان كردبێت ریال مه‌درید ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه‌، له‌دواین یاری خولی ئیسپانیاش ریال مه‌درید دوو خاڵی له‌ده‌ستدا به‌ ، به‌رامبه‌ر بوون له‌گه‌ڵ ریال بێتس، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رده‌م زێدانی راهێنه‌ر چاره‌سه‌ری بۆ كاته‌ ناهه‌مواره‌كان پێ بووه‌و هه‌موولایه‌كی به‌ پلانه‌كانی سه‌رسام كردووه‌، له‌ قۆناغی رابردووش ریال مه‌درید توانی یانه‌ی لیڤه‌رپول دوور بخاته‌وه‌.
هه‌رچی یانه‌ی چێڵسیه‌ به‌سه‌ر په‌رشتی تۆماس تۆخێل به‌شێوه‌یه‌كی نوێ هاتۆته‌وه‌ ناو ڕكابه‌رییه‌كان و هه‌وڵ ده‌دات درێژه‌ به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی بدات له‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان.
ئه‌م یانه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می تۆخێل ئاستی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه‌و گه‌یشتوه‌ به‌یاری كۆتایی جامی یه‌كێتی یانه‌كانی ئینگلته‌راو له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو له‌ پرێمه‌رلیگ دێربی له‌نده‌نی له‌ وست هام یۆنایتد برده‌وه‌و به‌ ته‌نها پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ی گرتوه‌.
تۆماس تۆخێل پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ راگه‌یاند سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی تیپه‌كه‌ ئاماده‌ن ته‌نها ماتیۆ كۆڤاسیچی ئه‌ستێره‌ی پێشووی ریال مه‌درید به‌هۆی پێكانه‌وه‌ به‌شداری ناكات، ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ تیاگۆ سیلڤا و تیمۆ فێرنه‌ر و كای هافیرتز و جیرۆ و حه‌كیم زیاش گرنگی تایبه‌تی ده‌بێت بۆ راهێنه‌ر تۆخێل بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌یاری چوون ئه‌نجامێكی باش تۆمار بكات و خۆی له‌ قۆناغی داهاتوو نزیك بكاته‌وه‌، له‌قۆناغی رابردووش چێڵسی توانی یانه‌ی پۆرتۆی پورتوگالی دوور بخاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌مه‌ هه‌ردوو یانه‌ له‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.