ئەرێ سەرۆكی حكومەت راوێژكاری وەرزشیی هەیە؟

31/08/2020 - 21:26 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

ئەرسەلان عەبدوڵڵا
لەو رۆژەوەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پەیوەندی بە دیار رەحمانی یاریزانی یانەی هەولێر كرد "مانگی ئایاری رابردوو" لە تەندروستی پرسی و لە رێگەی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بەسەری كردەوە، لەوكاتەوە دەزانم كەسێك نییە بارودۆخی وەرزشی كوردستان و كێشە و ئارێشەكانی، بە سەرۆكی حكومەت بگەیەنێت، چونكە وەك بڵاوكرایەوە، سەرۆكی حكومەت پەیامی بۆ "دیۆ" ناردووە و پێی راگەیاندووە "نەیزانیوە باری تەندروستی بەو جۆرەیە".
لە رۆژانی رابردووشدا وێنەی نەجات عەبدولواحیدی یاریزانی دێرینی شاری هەولێر و وەك دەڵێن "باشترین یاریزانی مێژووی كوردستان و هەولێر" سۆشیال میدیای تەنییەوە، كە لە نێو بازاڕی هەولێر، خەریكی ئاوفرۆشتنە، نەجاتێك 20 ساڵ ئەستێرەی درەوشاوەی تۆپی پێی هەولێر و كوردستان بوو.
هەر لەو رۆژانەدا كێشەیەكی دیكە هاتووەتە پێشەوە، كە بابەتی دیاریكردنی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان و كەرتبوونی یەكێتیی تۆپی پێ بەسەر دووبەرە و بەسیاسی و حیزبیكردنی بابەتەكەیە، كە خەریكە وەرزشی كوردستان بەرەو ئاراستەیەكی زۆرخراپ دەبات، پێشموایە لەوەشیاندا سەرۆكی حكومەت زانیاریی ئەوتۆی پێنەدراوە، ئەگەر ئاگەداریشی بێت، چونكە كێشەكانی دیكەی ئەم هەرێمە، لە دیدی حكومەت و خەڵكیشەوە، لە وەرزش گەورەترن.
هەربۆیە پێموایە سەرۆكی حكومەت زانیاری پێویستی لە بارەی كێشەكانی وەرزشەوە پێنەگەیشتووە، چونكە ئێستا بارودۆخی كوردستان بە هۆی قەیرانی دارایی، هێرشی پەتای كۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و كۆمەڵێك هۆكاری دیكەی سیاسییەوە، بە جۆرێكە، كە باسكردن لە بواری وەرزش و كێشە و گرفتەكانی، رەنگە لای هەندێك ببێتە مایەی گاڵتەپێكردن، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیربێت، بواری وەرزشیش گرنگی خۆی هەیە و چین و تویژی وەرزشوانان فراوانن و پانتاییەكی گەورە لە كوردستان پێكدەهێنن.
ساڵانی پێشوو، سەرۆكی پێشووی حكومەت "بەرێز نێچیرڤان بارزانی" كەسێك لە تیمەكەیدا هەبوو، كە وەك راوێژكارێكی وەرزشی پرسوڕای پێدەكرا، ئەگەر ئەو كەسە بە فەرمییش راوێژكاری وەرزشی نەبووبێت، بەڵام شارەزابوو، راوێژی كاروباری وەرزشی پێدەكرا و یارمەتیدەر بوو بۆ هاوكاری و چارەكردنی كێشەكان.
پێموایە ئێستاش كاتی ئەوەیە سەرۆكی حكومەت "بەڕێز مەسروور بارزانی" بە فەرمی راوێژكارێكی "گونجاو، شارەزا و شیاو"ی وەرزشی لە تیمەكەی دابمەزرێنێت، زۆر گرنگیشە ئەو كەسە لە بەرپرسانی ئێستای نێوەندی وەرزشیی كوردستان نەبێت، ئەوانەی كە تاقیكراونەتەوە و ئەزموونێكی شكستخواردوویان تێپەڕاندوووە، ئەمەش بۆ ئەوەی حكومەت بە شێوەیەكی كارا لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێو وەرزشی كوردستان بەشداربێت و قسەی خۆی هەبێت، چونكە بەڕاستی شەرمەزارییە لە ماوەی یەك هەفتەدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دوو بڕیاری جیاواز لە بارەی پرسێكی وەرزشی دەربكات و بە شێوەیەكی ئاسان لە لایەن كادیرە حیزبییەكانەوە یاری بە بڕیارەكان بكرێت.
ئەگەر رۆڵی حكومەتەكان لەسەر ئاستی دنیا لە بارەی وەرزشەوە سەرنج بدەین، دەبینین ئەگەر بە شێوەیەكی راستەوخۆش نەتوانن دەست لە كاروباری وەرزش وەربدەن بەهۆی سەربەخۆیی تەواوی كەرتی وەرزشەوە، بە تایبەتی لە ئەوروپا، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان بەشداریی بڕیارەكانیش دەبن، ئەوەتا دەبینین بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان و كار و بازرگانی، وەرزشیش خەریكە لە دوای هێرشی پەتای كۆرۆناوە ئاسایی دەبێتەوە، چەندین یاری و خول لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەچوون، تەنانەت لە هەندێك وڵات، وەرزی نوێی خولەكانیش دەستیانپێكردووەتەوە، لە هەندێك شوێنیش بەشێكی جەماوەر گەڕاونەتەوە یاریگەكان.
بۆ ئەم كارەش حكومەتی ئەو وڵاتانە رۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ هاوكاریكردنی یەكێتیی تۆپی پێ و یەكێتییە وەرزشییەكانی دیكە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و خودی سەرۆكی حكومەت بە پشتبەستن بە راوێژكار و كەسانی شارەزای وەرزشییەوە، بێنە پێشەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە بارەی پرس و كێشە وەرزشییەكانەوە بدەن و رێگە نەدەن وەرزشی كوردستان بەرەو ئاقاری دوو ئیدارەیی و رق و كینە و دووبەرەكی بڕوات.