له‌ چامپیونس لیگی ئاسیا شوڕته‌ و ئیستقلال له‌ هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

بۆتان عومه‌ر 10/02/2020 - 13:23 بڵاوکراوەتەوە لە هه‌واڵی وەرزشی

یانه‌ی شورته‌ ئاماده‌كارییه‌كی باشی كردووه‌ بۆ یاری به‌رامبه‌ر ئیستیقلالی ئێرانی له‌ جه‌وله‌ی یه‌كه‌می یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م.

شوڕته‌ی پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراق له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ پاڵ یانه‌كانی ئیستیقلالی ئێرانی و وه‌حده‌ی ئیماراتی و ئه‌هلی سعودی یاری ده‌كات ، شورته‌ هه‌وڵ ده‌دات یه‌كێك له‌ پلیته‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغی داهاتوو به‌ده‌ست بهێنێت.

حوسێن عه‌بدول واحیدی یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری یانه‌ی شورته‌ رایگه‌یاند ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ زوویی ده‌ستی پێكردووه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ری سربی ئه‌لیكسانده‌ر ئیلیچ ، به‌تایبه‌تی دوای گه‌رانه‌وه‌ی یاریزانی تۆگۆلی موبوكۆ و هێنانی هه‌ردوو یاریزانی نه‌فتی میسان ئه‌كره‌م ره‌حیم و محمد مزهه‌ر به‌شێوه‌ی خواستن.

یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر ده‌ڵێت تیپه‌كه‌مان به‌ وره‌یه‌كی به‌رز یاری ئه‌نجام ده‌دات سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی یارییه‌كانی خولی نایاب وه‌ستاون له‌باره‌ی یارییه‌كه‌ ده‌ڵێت:" ئاماده‌كاریمان بۆ ئه‌م یارییه‌ ته‌نها به‌یاری دۆستانه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ناوه‌خۆ به‌ڵام گه‌شبینین ئه‌نجامێكی باش له‌یاری یه‌كه‌م به‌ده‌ست ده‌هێنین، تیپه‌كه‌مان ئاماده‌یه‌ ته‌نها كه‌رار جاسم به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاری ناكات و راهێنه‌ر ئیلیچ پلانێكی گونجاو بۆ ئه‌م یارییه‌ داده‌نێت و یاریزانه‌كانیش پێداگرن له‌سه‌ر پێشكه‌ش كردنی ئاستێكی به‌رز هاوشان بێت له‌گه‌ڵ ناوبانگی پاڵه‌وانی عێراق.

عه‌لا عه‌بدول زه‌هره‌ی هێرشبه‌ری یانه‌ی شورته‌ ده‌ڵێت هه‌وڵمان داوه‌ سوود له‌و یارییه‌ دۆستانانه‌ وه‌ربگرین كه‌ ئه‌نجاممانداوه‌، زه‌هره‌ ده‌شڵێت هانده‌رانمان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ین و له‌و ئاست ناو بانگی یانه‌كه‌مان بین سه‌ره‌تایه‌كی باش ده‌ست پێ بكه‌ین".

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ سه‌عد عه‌بدول ئه‌میری یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌ ئه‌زموونه‌كانی شورته‌ بروای وایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین یانه‌كانی ئاسیا یاری ده‌كه‌ن.

سه‌عد ده‌ڵێت:" ئیستیقلال یانه‌یه‌كه‌ ناكرێت به‌ ئاسانی وه‌ریان بگرین ، وه‌ستانی خولی نایاب له‌ رووی جه‌سته‌یی كاریگه‌ری له‌سه‌ر تیپه‌كه‌مان ده‌بێت ، ئێمه‌ش به‌ گیانێكی به‌رز ده‌چینه‌ ناو یارییه‌كه‌وه‌و ده‌سته‌ی راهێنه‌رانیش ده‌توانن یارییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش بخوێننه‌وه‌.

هه‌رچی یانه‌ی ئیستیقلاله‌ به‌ پاڵاوتن گه‌یشته‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا و یانه‌كانی كوێتی كوێتی و ره‌یانی قه‌ته‌ری دوورخسته‌وه‌ ، له‌خولی ناوه‌خۆی ئێرانیش ئه‌نجامه‌كانی زۆر باش نین و پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌.