پێوەری دیاریکردنی داهاتوی خوێندکارانی پۆلی دوازدە

13/08/2020 - 22:02 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

هاودەنگ عومەر رێشاوی

لەگەڵ پیرۆزبایی بۆ هەموو خوێندکارانی پۆلی دوازدە، دەمەوێت بڵێم کۆتایی هاتنی پۆلی دوازدە سەرەتای رێگاکەیە نەک کۆتاییەکەی ! و زۆر کەسمان بینی لە پۆلی دوازدە نمرەی زۆر نزمیان هێنا، بەڵام لە پەیمانگا یان زانکۆ خۆیام دۆزییەوەو ئەو هەلەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی لەو بەشە ( ئاست نزمە! ) ئەوان ئاستی خۆیان بەرزبکەنەوەو بیکەن بە رێگایەک کە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن و کاتێک کە خوێندکارێک فۆرمی پۆلی دوازدە پردەکاتەوە بۆ ئەوەی لە زانکۆ وەربگیرێت یان لە پەیمانگا، گرنگترین شت ئەوەیە کە سەرەتا پرسیار لە خۆی بکات ئایا من دوای دوو سال یا چوار و پێنج ساڵی خوێندن لەکوێم ؟چی دەکەم؟ کارەکەم چیە ؟ ئایا ئەمەی کە ئێستە حەزم لێیە بیخوێنم دوای چوار ساڵی تریش حەزم لێیە ئەو کارە بکەم کە ئەم بروانامەیەی بۆ بەدەست دێنم؟
رێم بدەن بە دایکان و باوکان بڵێم ئەو حەزەی خۆتان پێی نەگەشتون هەوڵ مەدەن لە رێگەی منداڵەکانتانەوە بەدەستی بهێنن بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ و مەچنە ناو ئەو بریاردانەوە، چونکە کەسانێک چوار ساڵ بەشێکیان خوێند لەبەر دایک و باوکیان بەڵام دوای ناچار بوون چوار ساڵی تر بەشێکی تر بخوێنن کە خۆیان حەزیان لێبوو !
هەڵەیەکی تر ئەوەیە کاتێک خوێندکار بریار دەدات لەوەی لە بەشێک بخوێنیت هەم خۆی هەم دەووروبەرەکەی وای لێ دەکەن پێش هەموو شتێک بیر لە دامەزراندن بکاتەوە، ئایا چ بەشێک دامەزراندنی باشترە؟! کە ئەمەش هەڵەیە چونکە ئەوەی ئێستە بازاری کار و حکومەت پێویستیەیەتی لەوانەیە چوار ساڵی تر وا نەبێت.
کەواتە یەکەمی پۆلی شەش و یەکەمی زانکۆ مەرجی سەرکەوتنی( ژیانی تۆ ) نیە بەڵکو چی فێربوویت چی ئەتوانی پێشکەش بکەی لە داهاتوودا ئەوە مەرجی سەرکەوتنته.