هێزەکانی ئیسرائیلی داگیركار هاووڵاتییەکی فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا شه‌هید ده‌كه‌ن

خوبه‌یب گه‌ردی 18/08/2022 - 13:09 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە شاری نابلوس باکووری کەناری رۆژئاوا، هاووڵاتییەکی فەڵەستینی بە گولـلـەی هێزەکانی ئیسرائیلی داگیركار، شه‌هیدكرا و پێنجی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردەوە، سەربازانی ئیسرائیل لە شاری نابلوس هەڵیان کوتاوەتە سەر مەقامی حەزرەتی یوسف، شەقامی قودس و کەمپێکی پەنابەران.

باسی لەوەش کردووە کە پێکداهەڵپژان لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گەنجە فەڵەستینییەکاندا دروست بووە و هێزەکانی ئیسرائیل بە گولـلـە و گازی فرمێسکڕێز بڵاوەیان بە فەڵەستینییەکان کردووە.

لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێکی مانگی سووریی فەڵەستین بە ناوی ئەحمەد جبریل لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە رووداوەکان لە نزیک مەقامی حەزرەتی یوسف لە شاری نابلوس روویانداوە و تیایاندا شەش هاووڵاتی فەڵەستینی برینداربوون کە چواریان بە گوللەی راستەقینە پێکراون.

ئەحمەد جبریل لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە کە یەکێک لە بریندارەکان گەنجێکی ١٨ ساڵ بووە بە ناوی وەسیم ناسر خەلیفە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، هەروەها ٢٥ فەڵەستینی دیکەش بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە دووچاری هەناسەسواری بوون.

هێزەکانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس، ناوبەناو هەڵدەکوتنە سەر ماڵی فەڵەستینییەکان و بە پاساوی جۆراوجۆر دەستبەسەریان دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تا ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو، هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی هەزار و ٦٠٠ جار هەڵیانکوتاوەتە سەر خاکی فەڵەستینییەکان، لەو هەڵکوتانانەشدا ٦٠ هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی شەش هەزاری دیکەش برینداربوون.