رووسیا: "پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ماوەی پێکدادانەکان درێژ دەکاتەوە"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 11/08/2022 - 17:19 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیڤان نیچایەڤ رایگەیاند، پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ماوەی پێکدادانەکان درێژ دەکاتەوە.

ئیڤان نیچایەڤ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە مۆسکۆ کە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام درا، لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە دوا.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەمریکا رایگەیاندووە لە هەشتی ئاب بە بەهای یەک ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا دەکات و گوتی: "قەبارەی پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئۆکرانیا لەو کاتەوەی جۆ بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا نۆ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و لە ٢٠١٤یشەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار".

ئیڤان نیچایەڤ ئاماژەی بەوە دا ئەم سیاسەتەی ئەمریکا گرتوویەتییە بەر لە پشتیوانی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا ماوەی پێکدادانەکان درێژ دەکاتەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان ناکات.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی کوشتنی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، ئەیمەن زەواهیری لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکایشەوە لە ئەفغانستان گوتی: "راگەیەندراوی ئەمریکا لەو بارەیەوە پشتڕاست ناکەمەوە، چونکە واشنتۆن هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە لەبارەی لەناوبردنی ئەو تیرۆریستەوە".