ئێران تۆمەتی تیرۆرکردنی راوێژکاری پێشووی ترەمپ-ی رەتکردەوە

خوبه‌یب گه‌ردی 11/08/2022 - 12:43 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئێران تۆمەتی تیرۆرکردنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن بۆڵتۆن رەت دەکاتەوە و بە"بێ بنەما" وەسفی دەکات.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ناسر كه‌نعانی لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ئه‌مریكا، هاووڵاتییه‌كی ئێرانی له‌و وڵاته‌دا تۆمه‌تبار كردووه‌ "به‌بێ خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌ی دروست".

ناسر کەنعانی رایگەیاند "ئێران بەتوندی هۆشداری دەدات لە دروستکردنی هەر جۆرە تۆمەتێک لە دژی هاووڵاتییانی ئێران و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی خۆیەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییانی ئێران".

دوێنێ ئیدارەی واشنتۆن هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی شەهرام پورسافی کە گوایە ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە بە پیلانی کوشتنی جۆن بۆڵتۆن تۆمەتبار کرد.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمریکادا بانگەشەی ئەوە کراوە کە شەهرام پورسافی ٣٠٠ هەزار دۆلاری بە بکوژان داوە تاوەکوو جۆن بۆڵتۆن تیرۆر بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، شەهرام پورسافی کە ناوی لەو سکاڵانامەیەدا هاتووە کە لە دادگای فیدراڵی لە واشنتۆن تۆمارکراوە، لەئێستادا لە دەرەوەی ئەمریکایە، لە ئەگەری دەسگیرکرانیدا دادگایی دەکرێت "بەتۆمەتی پێشکەشکردنی پشتیوانی دارایی بۆ پلانێکی کوشتن".

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا ئێران رایگەیاندبوو، بەرپرسانی باڵای پێشووی ئەمریكای لەنێویاندا جۆن بۆڵتۆن و دۆناڵد ترەمپ لە لیستی سزاكاندان، بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی-یەوە هەیە.