بانگەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سووریا دەکرێت

02/07/2022 - 14:52 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

رژێمی بەشار ئەسەد، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شاری تارتوس لە رۆژئاوای سووریا.

ئاژانسی هەواڵی "SANA"ی سەربە رژێمی ئەسەد، لە هەواڵێکدا کە پشتی بە سەرچاوەیەکی سەربازیی بەستووە، ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە ئیسرائیل کاتژمێر ٠٦:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ناوخۆی سووریا، لە دەریای ناوەڕاستەوە، شارۆچکەی حەمیدییەی لە باشووری شاری تارتوس کردووەتە ئامانج.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە کێڵگەیەکی پەلەوەر لەو شارۆچکەیە کراوەتە ئامانج و لە ئاکامدا دوو هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون.

بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادەنین هیچ لێدوانێک لە بارەی هێرشەکانیان لە ناو خاکی سووریا بدەن.

لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێکردووە تا ئێستا، ناوبەناو ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر میلیشیا ئێرانییەکان و خاڵە سەربازییەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ناو خاکی سووریا.