هێزەکانی ئیسرائیل سێ کەسیان لە کەناری رۆژئاوا بریندار کرد و ٢٠ کەسیشیان دەستگیر کرد

خوبه‌یب گه‌ردی 26/06/2022 - 19:04 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەوە راگەيەندرا كە هێزەكانى ئيسرائيل لە كاتى هەڵكوتانە سەر فەڵەستينييەكان لە باكوورى كەنارى رۆژئاواى داگيركراو سێ كەسی فەڵەستینییان بريندار کردووە و ٢٠ فەڵەستينييان دەستگير كردووە.

بەرپرسێكى راگەياندنى رێكخراوى كۆمەڵگەى مەدەنى يانەى ديلە فەڵەستينييەكان بەناوی ئايە شەرايتە لە لێدوانێكيدا بۆ پەيامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو ئاماژەى بەوە كرد كە سوپاى ئيسرائيل، شەوى رابردوو و ئەم بەيانييە ٢٠ فەڵەستينييان لە كەنارى رۆژئاوا دەستگير كردووە.

لەلاى خۆيەوە ئەندامى ئەنجوومەنى گوندى ئيسكاكاى سەر بە پارێزگاى سەلفيت، ئەكرەم حەرب باسى لەوە كرد كە هەواڵگرى ئيسرائيلى بە مەبەستى لێكۆڵينەوە بە تەلەفۆن پەيوەندييان بە حەوت كەس لە كەسوكارى عەلى حەسەن حەرب، ئەو گەنجەى كە لە ٢١ى حوزەيران لەلايەن كەسێكى نيشتەجێكراوى جوولەكەوە بە چەقۆ كوژرابوو، كردووە.

ئەكرەم حەرب، ئەوەشى ئاشكرا كرد كە كەسوكارى ئەو گەنجە گوتوويانە كە تاكو لەلايەن لايەنە پەيوەنديدارە فەڵەستينييەكانەوە بانگ نەكرێن داواكارييەكە جێبەجێ ناكەن و لە بەرامبەردا هەڕەشەى دەستگيركردنيان لێكردوون و راشيگەياند بەیانی ئەمڕۆ مام و دوو كەسى نزيكى گەنجە كوژراوەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە دەستگير كراون.