دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد بە مووشەکی ورد و هەستیار ناوەندەکانی مەشقی سەربازییان لە ناوچەکانی چێرنیهیڤ، ژیتۆمیر و لڤیڤ لە ئۆکراینا کردووەتە ئامانج.
لە روونکردنەوەیەکدا ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ زانیاریی سەبارەت بە چالاکی سەربازانی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا بڵاوكردهوه.
کۆناشێنکۆڤ باسی لەوە کرد دوێنێ کۆنترۆڵی شارەکانی سێڤێرۆدێنتسک، بۆرۆڤسکۆی و یەکەکانی نیشتەجێبوونی ڤۆرۆنۆڤۆ و سیرۆتینۆ کەوتووەتە دەست هێزەکانی بەناو کۆماری گەلی لوهانسک، ناوچەکە رووبەرەکەی ١٤٥ کیلۆمەترچوارگۆشەیە و نزیکەی ١٠٨ هەزار کەسی تێدا دەژی.
سەبارەت بەو ئامانجانەی لە ئۆکراینا پێکاویانن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا باسی لەوە کرد کە هێزە ئاسمانییهكان و هێزهكانی بۆشایی ئاسمانیی رووسیا بە مووشەکی هەستیار و کالیبهر ١٦٩ههمین یەکەی مەشقیان لە نزیک یەکەی نیشتەجێبوونی دینسا لە ناوچەی چێرنیهیڤ و ١٩٩ههمین ناوەندی مەشقی یەکەی دابەزینی ئاسمانیی لە یەکەی نیشتەجێبوونی تیتیریڤکا لە ناوچەی ژیتۆمیر و ١٨٤ههمین ناوەندی مەشقی سەربازیی لە نزیک ستاریچی لە ناوچەی لڤیڤ كردووهته ئامانج، لە ئاکامدا لیوای ٦٥ و ٦٦ی پیادە و لیوای ٤٦ی ئاسمانی توانای شەڕکردنیان لەدەستداوە، بەم شێوەیە گواستنەوە بۆ ناوچەی شەڕ پچڕاوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ باسی لەوەشکرد لهلایهن یەکەی تاکتیکی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی رووسیا و یەکەکانی تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژ ٢٨٦ ناوچە کە ئامێری سەربازیی و تەکنیکیان لێیە، لەگەڵ ٦٢ ناوچە کە یەکەکانی تۆپهاوێژی لێیە، دوو ناوەندی فەرمان لە ناوچەی میکۆلایڤ و چوار کۆگای تەقەمەنی لە ناوچەی لوهانسک خاپوورکراون. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا زیاتر لە ٧٢٠ ئهندامی هێزی نەتەوەپەرستی ئۆکراینی کوژراون.
هەروەها کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە کردووه سوپای ئۆکراینا جارێکی دیکە بە فڕۆکە و مووشەکهاوێژ هێرشێکی شکستخواردووی کردووەتە سەر دوورگەی مار، و رایگەیاند: "لە ئاکامی تێکشکاندنی هێرشەکەدا سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی Pantsir-S تێکشکێندراوە و فڕۆکەیەکی جەنگی Su-25ی ئۆکراینی و ١٢ مووشەک لە ئاسماندا خراونەتە خوارەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئەوەشی خستەڕوو کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی رووسیا لە ناوچەی لوهانسک، خێرسۆن و خارکیڤ هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان تێکشکاندووە و، لە یەکەی نیشتەجێبوونی زێلێنۆدۆسک لە ناوچەی دنیپرۆ فڕۆکەیەکی جەنگیی Mig-29 خراوەتەخوارەوە.
گوتیشی: "تا ئەمڕۆ ٢١٥ فڕۆکە، ١٣٢ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٣٦٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٥٠ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی، سێ ھەزار و ٨٠٩ تانک و زریپۆش، ٦٨٢ مووشەکهاوێژ،٦٨٢ تۆپهاوێژ، سێ هەزار و ١٢ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".