ئێف بی ئای: عێراقیێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی جۆرج بۆش دەستگیرکراوە

خوبه‌یب گه‌ردی 25/05/2022 - 12:48 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپیده‌

ئاژانسی لێکۆڵینەوەی فیدرالی ئەمریکی (ئێف بی ئای) دەستگیركردنی عێراقیێکی بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی جۆرج بۆشی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا راگەیاند .

بەپێی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، ئێف بی ئای کەسێکی عێراقی بەناوی (شەهاب ئەحمەد شەهاب) دەستگیرکردووە کە لەگەڵ چەند کەسێکی تر پلانیان دانابوو بۆ کوشتنی جۆرج بۆشی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا.

بەپێی ئەو دیکومێنتانەی ئێف بی ئای کە سی ئێن ئێن بینیوە، شەهاب ئەندامی داعش بووە.

بەپێی لێکۆڵینەکە، ئەو کەسە عێراقیە کە پێشتر ئەندامبووە لە تیمی "رەعەد"ٚ لە سوپای عێراق و راستەوخۆ سەر بە سەدام حسێن بووە، هەوڵی داوە سێ کەسی تری عێراقی لە رێگای مەکسیکەوە بباتە ناو ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی پلانی کوشتنی بۆش.

بەپێی ئێف بی ئای، ئەرکی شەهاب چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر ماڵی جۆرج بۆش لە دالاس.

ئێف بی ئای لەرێگای دوو هەواڵدەرەوە زانیاریان وەرگرتووە، کە ئەو کەسە عێراقیە پەیوەندی بە هەردوو هەواڵدەرەوە کردووە، یەکێکیان خۆی بە قاچاغچی ناساندووە کە دەتوانێت کەسەکان بباتە ناو ئەمریکا، ئەوەی تریش کاری ساختەکردن دەکات.

عێراقیەکە داوای لەیەکەمەکە کردووە سێ کەس لە مەکسیک بباتە ناو ئەمریکا و دوای ئەنجامدانی ئەرکەکە (کوشتنی بۆش) جارێکی تر بەهەمان رێگا بگەرێندرێنەوە، هەروەک داوا لە کەسی دووەمیش کردووە باج و ناسنامەی پۆلیس و ئێف بی ئای بۆی دروست بکات.

لە هەمان کاتدا ئێف بی ئای لەرێی چاودێریکردنی ئەکاونتی تۆمەتبارە عێراقیەکە لە ئەپڵیکەیشنی واتساپ زانیاری وردی لەسەر پلانەکەیان وەرگرتووە.

تۆمەتبارەکە وتویەتی، ئەو ویستویه‌تی تۆڵە لە جۆرج بۆش بکاتەوە چونکە ئەو بەرپرسیارە لە کوشتنی سەدان هەزار عێراقی و تێکچونی بارودۆخی وڵات.

هەروەک ئاشکراشیکردووە کە ئەو لەگەڵ "بەرگری" عێراقی بووە و چەندین ئەمریکی لە عێراق کوشتووە.