گوتەبێژی پنتاگۆن کیربی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دامەزرێندرا

خوبه‌یب گه‌ردی 21/05/2022 - 09:53 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی، جۆن کیربی کردە رێکخەری پەیوەنديیە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی.

لەو بارەیەوە، بایدن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کیربی پێشتر وەک گوتەبێژی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی کاری کردووە و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە، لەبەرئەوە وەک رێکخەری پەیوەنديیە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دایمەزراندووە و، گوتی: ''جۆن زۆر باش لە ئاستەنگەکانی سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی تێدەگات و بەشێوەیەکی باش نوێنەرایەتی ئیدارەکەمان دەکات لە بابەتە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانیدا''.

هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا. لۆید ئۆستن لە راگەیەندراوێکدا سوپاسی کیربی کرد بەهۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کردووە و، رایگەیاند "کیربی بەو ئەزموونە زۆرەی هەیەتی لە سیاسەتی بەرگریی و دەرەکیدا هاوکارێکی گرنگ دەبێت بۆ تیمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی و، زۆر بە باشی لە ئەنجوومەنەکەدا جێی دەبێتەوە''.

هاوکات جۆن کیربی سوپاسی بایدنی کرد بۆ ئەو متمانەیەی پێی بەخشیوە و، سوپاسی ئۆستنیشی کرد کە لە ماوەی ئەو ١٨ مانگی رابردوودا سەرکردایەتی کردووە و پشتیوانی بووە.