سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا کە لە هەڵبژاردنەکانی لوبنان زۆرینەی لەدەستداوە هۆشداری دا لە "ئاژاوەنانەوە"

خوبه‌یب گه‌ردی 19/05/2022 - 14:25 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا کە لە هەڵبژاردنەکانی لوبنان زۆرینەی لەدەستداوە هۆشداری دا لەوەی ئەگەر تەواوی ئەو حزبانەی کورسییان بەدەست هێناوە لە پەرلەمان پێکەوە کار نەکەن دووچاری ئاژاوەنانەوە دەبنەوە.

نەسروڵڵا دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٥ی ئایار بۆ یەکەم جار لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە دوا کە بە "شکست" کۆتایی هات بۆ ئەو بلۆکانەی ئێران و رژێمی ئەسەد لە پەرلەمانی لوبنان پشتگیرییان دەکردن.

سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا بەو ١٥ پەرلەمانتارەیشەوە کە وەک ئۆپۆزسیۆن بۆ یەکەمجار بەشێوەی سەربەخۆ لە پارتە نەریتییەکان توانیان بگەنە پەرلەمان داوای لە تەواوی ئەو حزبانە کرد کە توانیوویانە بگەنە پەرلەمان بە هەماهەنگی کار بکەن و هۆشداری دا لەوەی ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئاژاوە و بۆشایی سیاسی لوبنان دەگرێتەوە.

حەسەن نەسروڵڵا کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی بە 'سەرکەوتن' لەقەڵەم دا، گوتی: "بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی ژمارەیەک لە حزبەکان دەیکەن، هیچ بلۆکێک زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە. هیچ حزبێکی سەرڕاستیش بانگەشەیەکی لەو جۆرەی نەکردووە".

سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانییان پێک هێنا، بەڵام ئێستا وا نەماوە.

حەسەن نەسروڵڵا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە کڕینی دەنگ دەکەن لە میانی هەڵبژاردنەکەدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا کاریگەری هەبووە بۆ پێکهێنانی چەند لیستێک بۆ هەڵبژاردن و سعوودیەیش پارەی داوە لەبەرامبەر دەنگدا.