كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكانی روسیا وئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا كۆتایی هات

27/11/2021 - 09:28 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی سه‌رۆكی روسیا، سه‌ركۆماری ئازه‌ربایجان، وسه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌رمینیا، له‌شاری سۆچی روسیا به‌كۆتا هات.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كه‌نزیكه‌ی سێ كاتژمێری خایاند، هه‌ر سێ سه‌رۆك كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا وتێیدا رایانگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی به‌ڕێوه‌چووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ڤلا دیمر پۆتین سه‌رۆكى روسیا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد: هه‌فته‌ی ئاینده‌ یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا، ئازه‌ربایجان وئه‌رمینیا له‌مۆسكۆ كۆده‌بنه‌وه‌ وبه‌رده‌وام ده‌بن له‌كاره‌كانیان.

ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئازه‌ربایجان وئه‌رمینیاش، ئیلهام عه‌لییه‌ڤ سه‌رۆك كۆمارى ئازه‌ربایجان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد: له‌ئێستادا ساڵێك به‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هه‌رسێ وڵاتدا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌بووه‌ هۆی كۆتایی هێنان به‌جه‌نگی نێوان ئه‌رمینیا وئازه‌ربایجان، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵه‌شدا به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌رێنی زۆر روویانداوه‌.

به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا، نیكۆل پاشینیان باسی له‌وه‌ كرد: كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بنیاتنه‌رانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ وبه‌ئاشكرا ده‌رباره‌ی هه‌موو بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی ناو رۆژه‌ڤ، گفتوگۆیان كردووه‌.