گەورەترین پاڵاوگەی کوێت ئاگری لێ دەکەوێتەوە

18/10/2021 - 17:15 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌


لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوە لە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتدا لە وڵاتی کوێت ژمارەیەک کەس بریندارن.

ئەم ئاگرکەوتنەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە نەبۆتە مایەی ڕاگرتنی کارکردن و هەناردەکردنی نەوت لە پاڵاوگەکەوە.

دوکەڵێکی زۆر بەسەر ئەم پاڵاوگەیەی بەندەری ئەلئەحمەدییەوە بووە کە ڕێک دەکەوێتە بەرامبەر ئێران و نزیکەی 40 کیلۆمەتریش لە باشوری شاری کوێتی پایتەختی وڵاتەکەوە دورە.

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کوێت، هەرچەندە لە سەرەتادا ڕایگەیاند هیچ زیانێکی گیانی نەبووە لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا، بەڵام دواتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە، ژمارەیەک بریندار هەن لەم ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممەدا و ژمارەیەکی تری کارمەندەکانیشی دووچاری کێشەی هەناسەدان بوەونەتەوە بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵی ئاگرەکەوە و هەروەهاش وەک دەڵێت "بەشێکی بریندارەکان لە شوێنی ڕووداوەکەدا فریاگوزاری بەرایی تەندروستییان بۆ کراوە و ژمارەیەکی تریشیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و لەوێش باری تەندروستییان جێگیرە."

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای نیشتمانی نەوت، ئاگرکوژێنەوەکان گەیشتوونەتە پاڵاوگەکە و توانیویانە ئاورەکە بکوژێننەوە.

پاڵاوگەی بەندەری ئەلئەحمەدی لەسەر ڕووبەری 10.5 کیلۆمەتر دووجا دروستکراوە و لە ساڵی 1949وە دەست بە پاڵاوتنی نەوت کراوە تیایدا و گەورەترین پاڵاوگەی نەوتە لەسەرجەم ئەو 3 پاڵاوگەیەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کوێت و ڕۆژانەش 466 هەزار بەرمیل یان بۆشکە نەوتی تیادا بەرهەم دەهێنرێت.

لە ئێستادا لە وڵاتی کوێت پاڵاوگەیەکی گەورەتری نەوت دروست دەکرێت و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواوبێت و ئەم پاڵاوگەیەش ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 615 هەزار بەرمیل یان بۆشکە نەوتی هەیە.

ئەم میرنشینە دەوڵەمەند بە نەوتەی کەنداو، ڕۆژانە 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و زۆربەی ئەو بڕە نەوتەش هەناردە دەکرێت.