نەتەوە یەکگرتووەکان 100 تۆن هاوکاری مرۆیی رەوانەی ئەفغانستان کرد

18/10/2021 - 14:27 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٠٠ تۆن هاوکاری مرۆیی رەوانەی ئۆزبەکستان کرد بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە ئەفغانستان.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نوێنەری ئاسیای ناوەڕاستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، زیاتر لە ١٠٠ تۆن هاوکاری مرۆیی گەیاندە فڕۆکەخانەی تێرمیز لە سنووری ئۆزبەکستان لەگەڵ ئەفغانستان بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە ناو ئەفغانستان.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە هاوکارییە مرۆییەکان کە بە سێ فڕۆکە گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەکە و پێداویستییە سەرەتاییەکانیشیان تێدایە لە ناوەندی لۆجستی فڕۆکەخانەی تێرمیز خراونەتە ناو بارهەڵگرەوە و لە رێگەی بازگەی سنووریی تێرمێز-حەیراتانەوە دەگەیەنرێنە مەزار-ی شەریف باکووری ئەفغانستان.

پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە سێ فڕۆکەی پێداویستی مرۆیی بۆ ئەفغانستان رەوانە دەکات.

یەکەم فڕۆکەی بە ٣٢ تۆن پێداویستی مرۆییەوە لە ١٥ی تشرینی یەکەم لە فڕۆکەخانەی تیرمیز نیشتەوە.