سه‌رۆك كۆماری ئێران: پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بنچینەی کارەکانمان دەبێت

16/09/2021 - 17:03 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

 

سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی: "ئێران دەبێتە خاوەنی رۆڵێکی کاریگەر لە رێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای کە یەکێکە لە کاریگەرترین رێکخراوەکان لە بواری ھەماھەنگیی ناوچەییدا".

سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی رایگەیاند کاری یەکەمی لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی درووستکردنی پەیوەندیی باشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی دراوسێکانی.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران "IRNA" بڵاویکردەوە، ئیبراھیم رەئیسی بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی رێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای لە فڕۆکەخانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامداوە.

سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی ئەوەی راگەیاند کە لەسەر بانگێشتنامەی سەرکۆماری تاجیکستان، ئیمامعەلی رەحمان بەشداری لە لووتکەکەدا دەکات و گوتی: "لە سەردانەکەی تاجیکستاندا، لاپەڕەی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی رۆشنبیریی، ئابووریی و سیاسیی دەکەینەوە".

ئیبراھیم رەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە سیاسەتی دەرەوەدا پێشینە دەدات بە وڵاتانی ئاسیا و گوتی: "پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ بنچینەی کارەکانی ئێران دەبێت".

سەرکۆماری ئێران ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی گرنگی بە ھەماھەنگیی ناوچەیی دەدات و گوتی: "ئێران، دەبێتە خاوەنی رۆڵێکی کاریگەر لە رێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای کە یەکێکە لە کاریگەرترین رێکخراوەکان لە بورای ھەماھەنگیی ناوچەییدا".

لووتکەی رێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای، بە بەشداریکردنی سەرکردەی ٢١ وڵات رۆژانی ١٦-١٧ی ئەیلوول لە شاری دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بەڕێوەدەچێت.