سوودان بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە

22/10/2020 - 09:00 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دوای ئەو دانوستانانەی بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوەچوون، سوودان بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە.

رۆژنامەی هایۆم ئیسرائیل کە بە نزیکی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو ناسراوە، لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پاش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، سوودان-یش چووەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە دوای دانوستانەکانی نێوان سوودان و ئەمریکا، حکوومەتی خەرتوم بڕیاریداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەل ئەبیب-دا ئاسایی بکاتەوە.

رۆژنامەکە بڕیارەکەی بە ''هەنگاوێکی مێژوویی'' لە قەڵەمداوە و، باسی لەوەیش کردووە کە ئەمریکاش وەک بەشێک لەو هەنگاوە سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم دەردەهێنێت.

بە پێی ماڵپەڕی هەواڵی واڵا-ی ئیسرائیل، دوێنێ فڕۆکەیەکی تایبەتی ئیسرائیل بە گەشتێکی راستەوخۆ چووە بۆ خەرتوم.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو رەوشە پەیوەندیدارە بەو دیدارانەی لە چوارچێوەی ئەنجامەکانی رێککەوتنی ئاساییبوونەوەی نێوان تەل ئەبیب و خەرتوم بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوەدەچن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بڵاوی کردەوە کە دوای پێدانی ٣٣٥ ملیۆن دۆلار بۆ قوربانیانی ئەمریکی دەستی تیرۆر وەک قەرەبوو بە کەسوکاریان کە حکوومەتی واشنتۆن داوای کردووە، کارەکانی دەرهێنانی سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوان لە تیرۆر دەستیپێکردووە.

پۆمپیۆ ئەوەشی خستەڕوو کە بە کۆتا ئەنجام گەیشتنی ئەوە پەیوەستە بە پرۆسەی ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، ئومێدیشی خواست حکوومەتی خەرتوم بەخێرایی پرۆسەی ئاساییکردنەوەکە ئەنجام بدات.

گوتیشی: ''دەخوازین حکوومەتی سوودان دان بە ئیسرائیلدا بنێت و پەرە بە پەیوەندییەکان بدات. لەگەڵیاندا لە هەوڵداین بۆ جەخت کردنەوە لەوەی کە بۆچی ئەو بڕیارە سەربەخۆیە لە بەرژەوەندی حکوومەتی سووداندایە''.

ماوەیەکی زۆرە لە پشت پەردەوە دیداری جددی بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی ئیمارات، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ١٣ی ئابدا ئاشکرایکرد کە ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیلدا گەیشتووەتە رێککەوتن، لە ١١ی ئیلوولیشدا رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیلی ئاشکرا کرد.

لە رێوڕەسمێکدا کە لە ١٥ی ئەیلوولی رابردوودا لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژووکرد.

بە گوێرەی راگەیاندن و لێدوانی پسپۆڕانی ئیسرائیل، وڵاتانی عومان، سعوودیە و سوودان-ش لە ریزی ئەو وڵاتانەن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.

سەبارەت بەو بڕیارەی سوودان، هێشتا بەرپرسانی خەرتوم و تەل ئەبیب هیچ روونکردنەوەیەکی فەڕمیان بڵاونەکردووەتەوە.