راگەیه‌نراوی هاوبەشی رووسیا، ئەمریکا و فەڕەنسا لەبارەی ناوچەی کاراباغ

01/10/2020 - 18:03 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە بارەی ناوچەی قەرەباغ و گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هەرسێ سەرۆک وەک نوێنەری وڵاتانی گرووپی مینسک-ی سەربە "دەزگای ئاسایش و هەماهەنگی ئەورووپا"، ئیدانەی هەڵکشانی توندوتیژییەکانی ناوچەی قەرەباغ-یان کردوە و سەرخۆشییان لە خێزانی قوربانییەکان کردوە.

پوتین، ترەمپ و ماکرۆن داوایان کردوە بەزووترین کات پێکدادانەکان بوەستێندرێن و حکوومەتی ئازەربایجان و ئەرمینیا، بەپشتیوانی گروپی مینسک و بەبێ هیچ پێشمەرجێک دووبارە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

جێی وەبیرهێناوەیە گرووپی مینسک-ی سەربە "دەزگای ئاسایش و هەماهەنگی ئەوروپا" لە ساڵی ۱۹۹۲دا بۆ نێوەندگیریکردن لە پرسی ناوچەی قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و چارەسەر کردنی دامەزراوە.

هاوسەرۆکەکانی گروپەکەش بریتین لە رووسیا، ئەمریکا و فەڕەنسا، وێڕای تێپەرینی ۲۹ ساڵ تا ئێستا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەر کردنی پرسی ناوچەی قەرەباغ نەگیردراوەتەبەر.