لە نێجیریا ٩٥ کەس بە لافاو گیانیان لەدەستداوە

01/10/2020 - 10:50 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ ٩٥ کەس.

سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێجیریا بۆ ئیدارەدانی دۆخی لەناکاو (SEMA) لە ویلایەتی کاتسینا، حاجی یوسف سانی بابورا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەو لافاوەی بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە ١٩ ناوچەدا درێژەی هەیە، ١٦ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

بەمەیش لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بە کارەساتی لافاو لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٩٥ کەس.

حاجی یوسف سانی بابورا باسی لەوە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە هەزاران هێکتار زەوی کشتوکاڵی ژێرئاو کەوتووە، بە هاریکاری SEMA و حکوومەت دەستبەکارکراوە بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ زیانلێکەوتوان.

لە سەرانسەری نێجیریا هەزاران کەس بەهۆی لافاوەوە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و دەیان هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵیش ژێرئاو کەوتوون.

لە خۆرئاوای ئەفریقا، بارانی وەرزی لە مانگی حوزەیران دەستپێدەکات و تا مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.

ئەمساڵ لە نێجیریا، بورکینا فاسۆ، نیجەر و سێنیگال کارەساتی لافاو روویداوە.