واشنتۆن "توڕەیە" لە هێرشە مووشەکییەکان لە بەغدا

29/09/2020 - 23:40 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی
دیجیتاڵ میدیای سپێده‌
 
 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا توڕەیی خۆی لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییە نیشاندا کە دوێنێ لە بەغدا پایتەختی عێراق کرایەسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی سڤیل کوژران.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هەست بە توڕەیی دەکەین لەسەر ئەو هێرشە مووشەکییەی کە دوێنی لە بەغدا روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیی سڤیل کە ئافرەتێک و دوو لە منداڵەکانی لەنێویاندابوون".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو قوربانیانە کردووە کە لەو هێرشە مووشەکییەدا کوژران و رایگەیاندووە کە ئەوانە بوونەتە قوربانی کردەی توندوتیژی.

لە راگەیەنراوەکەدا داوا لە بەرپرسانی عێراق کراوە رێککاری خێرا بگرنەبەر بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "پێشتر بە روونی ئەوەمان راگەیاندووە کە هەڵسوکەوتی میلیشا دەرچووەکان لە یاسا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، گەورەترین مەترسین لەسەر تێکدانی سەقامگیری لە عێراق".

لە بەشیکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەو میلیشیایانە مەترسییەکی پەسەند نەکراویان لەسەر هەموو عێراق، بەرپرسانی و نێردە دیپلۆماتییەکان دروست کردووە".

دوێنێ‌ دووشەممە، دوو مووشەكی كاتیوشا لەسەر خانوویەکی قەزای رەزوانییە لە بەغدا كەوتنەخوارەوە و لە ئاكامدا، پێنج هاووڵاتیی سڤیل كە سێیان منداڵ و دوو كەسەكەی دیكە ئافرەت بوون كوژران، هەروەها دوو منداڵی دیكەش برینداربوون.

ماوەی چەند مانگێکە، ناوچەی سەوز لە بەغدا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکەی سەربازیی هێزەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، لەگەڵ کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بە مووشەک بۆمبی چێنراو لەلایەن کەسانی نەناسراو هێرشیان دەکرێتەسەر. 

دوایین هێرش کە کرایە ناوچەی سەوز، رۆژی ٢٢ی ئەیلوول بوو کە بە سێ مووشەکی کاتیۆشا کرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێنا. 

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، رۆژنامەکانی ئەمریکا لەوانە واشنتۆن پۆست"، بڵاوکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی داخستنی باڵیۆزخانەکەی دەکات لە بەغدا بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ. 

رۆژی سێ کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەریەک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران. 

ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆژی پێنجی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق. 

دوای ئەو رووداوە، ناو بەناو بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی سەوز، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیرکراون. 

واشنتۆن، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەتایبەت حزبوڵڵای عێراق بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات. 

ئەمریکا، نزیکەی پێنج هەزاری وڵاتەکەی و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازیی دیکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق جێگیر کردووە.