لە نزیک بینای پێشووی رۆژنامە شارلی ئێبدۆ، پەلاماردەرێک بە چەقۆ چوار کەسی بریندار کرد

25/09/2020 - 14:26 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


لە نزیک بینای پێشووی رۆژنامەی تەنزی فەڕەنسی، شارلی ئێبدۆ، پەلاماردەرێک بە چەقۆ چوار کەسی بریندار کرد کە دووانیان برینەکانیان سەختە، پەلاماردەرەکەش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە.

میدیاکانی فڕەنسا بڵاویانکردەوە، لەنزیک ئۆفیسی گۆڤاری چارلی ئیبدۆی فڕەنسی کە وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)-ی بڵاوکردەوە هێرشکراوەتە سەر چەند کەسیک و لەئەنجامدا چوار کەس برینداربون.

بەگوێرەی هەواڵێکی فرانس پرێس، سەرچاوەیەک لەپۆلیسی پاریس رایگەیاندوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەنزیک ئۆفیسی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ لەپاریسی پایتەختی فڕەنسا هێرشکراوەتە سەر چەند کەسێک و بەهۆیەوە تائێستا چوار کەس برینداربوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، دوان لەبریندارەکان برینەکەیان سەختە و گەیەنراونەتەوە نەخۆشخانە.

ئەوەش ئاشکراکراوە، دو گومانلێکراو لەڕووداوەکە هەڵهاتون و تائێستا پۆلیس کەسی بەتۆمەتی ئەو هێرش و توندوتیژییانە دەستگیر نەکردووە.

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، لەپایتەختی فڕەنسا دادگایکردنی چەند کەسێک بەتۆمەتی هێرشەکانی 2015-ی سەر گۆڤارەکە بەڕێوەدەچێت کە بەهۆیەوە 12 فەرمانبەری گۆڤارەکە کوژران.