ئۆپۆزسیۆنی سعوودیە لە دەرەوەی وڵات پارتی سیاسی دامەزراند

24/09/2020 - 14:13 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئۆپۆزسیۆنی سعوودیە کە لە دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، بڵاویکردەوە کە پارتێکی سیاسیی بەناوی ''گردبوونەوەی نیشتمانیی'' بۆ داخوازی دیموکراسیی دامەزراندووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانییدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەو پارتە بنیاتنانی میکانیزمێکی دیموکراسییە بۆ حکومڕانی لە سعوودیەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا کوشتنی سیاسیی، زیادبوونی دەستبەسەرکردن، گوشار و توندوتیژیی وەک هۆکاری دامەزراندنی پارتەکە خراوەتەڕوو کە بوونەتە هەڵسوکەوتی حکوومەت.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پارتەکە هانی رێگاکانی دیپلۆماسیی و هاریکاریی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەدات لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە دیپلۆماسیی و دەرەکییەکاندا و شێوازی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان پەیڕەو دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ''باوەڕمان وایە کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکان گەلە. واتای ئەوەش هەرکەسێکی پێگەیشتوو مافی ئەوەی هەیە خۆی کاندید بکات و هەرکەسێک هەڵبژێرێت کە لە پەرلەمانی هەڵبژێردراودا نوێنەرایەتی بکات''.

لە راگەیەندراوەکەشدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان، بەڕێوەبردن و دادگا بەپێی پێوەرە دەستوورییەکان لە یەکتری جیابکرێنەوە.

بە پێی راگەیەندراوەکە هەریەک لە مەزاوی رەشید (ئەکادیمیست)، ئەحمەد موشەیخەس (چالاکوانی شیعی)، سەعید بن ناسر غامدی (ئەکادیمیست)، یەحیا عەسیری (یاساناس)، عەبدوڵڵا عەودە (کوڕی زانایەکی ئیسلامی دەستبەسەرکراو)، عومەر زەهرانی (چالاکوان) لەنێو دامەزرێنەرانی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانییدان.

دامەزرێنەرانی پارتەکە کە ناچارن لە دەرەوەی وڵات بژین لە بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا ژیان بەسەر دەبەن.

لە کاتێکدا لە سعوودیە کە رژێمی پاشایەتی فەرمانڕەوایی دەکات دامەزراندنی پارتی سیاسیی قەدەغەیە، هێشتا بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیچ راگەیەندراوێکیان لەبارەی پێشهاتەکەوە بڵاو نەکردووەتەوە.