رۆحانی: هەفتەی داهاتوو ئەمریکا شکستێکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی تۆمار دەکات

16/09/2020 - 13:36 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لە شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتودا ئەمریکا شکستێکی گەورە لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر وڵاتەکەی تۆمار دەکات.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەفتەی داهاتو ئەمریکا شکستێکی گەورەی نوێ بۆ لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر ئێران تۆماردەکات، چونکە واشنتن چیتر ئەندامی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە نییە و مافی چالاککردنەوەی ئەو بەندەی رێککەوتننامەکەی نەماوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریکا لە ئێستادا بە تەواوەتی پەراوێزکراوە، جگە لە ئیسرائیل هیچ پشتیوانێکی دیکەی نەماوە، چەندین ساڵە دەیەوێت وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێککەوتننامەکە رازی بکات بە کشانەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.

رۆحانی باسی لەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێکە چاوەڕوانە بۆ ئەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ پشتیوانییەکی نییە، بەڵام هەر لە سەرەتای هەوڵەکانی شکست دەهێنیت.

بڕیارە هەفتەی داهاتو ئەنجومەنی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو پڕۆژە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتوەکان کە بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران پێشکەشیکردوە، کە بڕیارە مانگی داهاتو بەپێی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەسەری لابدرێت.