بۆ راگرتنى هێرشه‌كانى توركیا، عێراق داوای پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی دەکات

14/08/2020 - 17:42 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی لەشکركێشییەکانی توركیا بۆ سه‌ر ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو ئەنجام دەدات، بۆ راگرتنی هێرشەکانیش داوای پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولەتیف زیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین و عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات ئەنجام داوە، لەو پەیوەندییەدا باس لە دواین هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سنورەکانی عێراق کراوە کە بوەتە هۆی شەهیدبونی دو ئەفسەر و سەربازێکی پاسەوانی سنور لە ناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراووه‌، بەغدا بە گرنگییەوە لە هەڵوێست و پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەمنییەت و ئاسایشی عێراق دەڕوانێت، داواش دەکات حکومەتی تورکیا رەفتاری لەو شێوەیە دوبارە نەکاتەوە و هێزەکانیان لەناو خاکی عێراق بکشێننەوە.

11ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقیان بە ئامانج گرت کە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە ناحیەی سیدەكان دەگەڕانەوە، لە ئەنجامدا فەرماندەیەکی پەکەکە و دوو ئەفسەر و سەربازێکی پاسەوانی سنور گیانیان له‌ده‌ستدا.