وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیران، به‌توندى ئیدانه‌ى رێككه‌وتنى ئیسرائیل و ئیمارات ده‌كات

14/08/2020 - 09:49 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیران، ئیدانه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی كرد و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئیماراتی به‌ "گه‌مژه‌یی ستراتیژی" وه‌سفكرد.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل هه‌نگاوێكی گه‌مژانه‌ی ستراتیژییه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌بوزه‌بی و ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ نراوه‌ و به‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه‌ش به‌هێزبوونی زیاتری سووڕگه‌ی به‌ره‌نگاری له‌ ناوچه‌كه‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، گه‌لی سته‌مدیده‌ی فه‌له‌ستین و سه‌رجه‌م گه‌لانی ئازادیخوازی جیهان هه‌رگیز له‌ پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كیانێكی داگیركار و تاوانكاری وه‌ك ئیسرائیل خۆش نابن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌بوزه‌بی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كیانی زایۆنی به‌ ساخته‌ و ناشه‌رعی و پێچه‌وانه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان ده‌زانێت و هۆشداریش ده‌دات له‌ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ئیسرائیل له‌ هاوكێشه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداو و راشیده‌گه‌یه‌نێت حكومه‌تی ئیمارات و سه‌رجه‌م حكومه‌ته‌كانی هاوشێوه‌ی به‌ به‌رپرسیار له‌ هه‌ر لێكه‌وته‌یه‌كی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌زانێت.