چین.. لافاو بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی شه‌ش كه‌س

11/08/2020 - 14:34 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌ پارێزگای سچوان باشووری خۆرئاوای چین، به‌هۆی هه‌ستانی لافاوه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی بارانی به‌لێزمه‌، شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و پێنج كه‌سی دیكه‌ بێسه‌روشوێن بوون.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی شینخوا، كاربه‌ده‌ستان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، له‌ ئه‌نجامی بارانی به‌لێزمه‌، رووباری چینگی له‌ شاری یان سه‌ربه‌ پارێزگاكه‌ سه‌رڕێژبووه‌.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ له‌ ئه‌نجامی لافاو و ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ به‌هۆی باران بارینه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و پێنج كه‌سی دیكه‌ بێسه‌روشوێن بوون، له‌و شوێنانه‌ش كه‌ له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ نزمن و رووباره‌كه‌ سه‌رڕێژی كردووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر خانوو و به‌شێكی زۆر له‌ تۆڕه‌كانی كاره‌با زیانیان پێگه‌یشتووه‌.

جگه‌ له‌ شاری یان، له‌ مه‌یشان و شاری چێنگدو كه‌ ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یه‌، بارانی به‌لێزمه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ درووستكردووه‌.

له‌ ئه‌نجامی لافاوه‌كان له‌ چین له‌ مانگی حوزه‌یران به‌دواوه‌، ١٤١ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان بێسه‌روشوێن بوون. هه‌ر به‌هۆی لافاوه‌كانه‌وه‌ له‌ ٢٤ پارێزگا دوو ملیۆن كه‌س ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.

سه‌رڕێژبوونی رووباره‌كان زیانی نزیكه‌ی حه‌وت ملیاری دۆلاری له‌ ئابووریی وڵاته‌كه‌ داوه‌.