رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان بەرامبەر ناردنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا بەکارھێنا

08/07/2020 - 08:42 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان بەرامبەر دووبارە نوێکردنەوەی ئەو میکانیزمە بەکارھێنا کە رێگەی بە ناردنی ھاوکاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە سووریا دەدا.


بەھۆی ئەوەی میکانیزمی رێگەدان بە ناردنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا لە 10ی مانگی تەمووز کۆتایی پێ دێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دانیشتنێکدا پرسی نوێکردنەوەی ئەو میکانیزمەی خستە دەنگدانەوە .

ئەو پڕۆژە بڕیارە لەلایەن ئەڵمانیا و بەلجیکا پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرا و ھەردوو وڵاتی رووسیا و چینیش لە دەنگدانەکەدا مافی ڤیتۆیان بەکارھێنا.

لە چوارچێوی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رێگەی خاکی تورکیاوە تەنھا لە دوو دەرگای سنوورییەوە دەتوانرێ ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا رەوانە بکرێ، ئەوانیش ھەردوو دەرگای سنووری بابولەسەلام و بابولھەوایە لە نێو خاکی سووریا.

ئیتر لەگەڵ کۆتایھاتنی میکانیزیمی ناردنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا لە ١٠ی تەمووز، بەھۆی بەکارھێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن رووسیا و چین، ھەردوو دەرگاکە بە رووی ھاتنی بارھەڵگری مرۆیی دادەخرێن.

رەوانەکردنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ ملیۆن کەس لە ئیدلب-ی باکووری رۆژئاوای سووریا دەژین و سەدا ٧٠ی ئەوانەش پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی ھەیە.

لەوەتەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، نووسینگەی ھاریکاری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی خاکی تورکیاوە ھەشت ھەزار و ٤٦٨ بارھەڵگری ھاوکاری مرۆیی رەوانەی سووریا کردووە.

پرسی ناردنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سووریا لە رێگەی چوار دەرگای سنوورییەوە ئەنجام دەدرا، کە دووانیان لە خاکی تورکیا بوون، بەڵام ساڵی رابردوو بەھۆی بەکارھێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن رووسیا و چینەوە، دوو لەو دەرگایانە داخران کە یەکێکیان لە وڵاتی ئوردن و ئەوی دیکەیان لە عێراق بوو.