سوپای لیبیا ناوچه‌كانی عێن زاره‌ و دۆڵی ره‌بیع باشووری ته‌رابلوسی پایته‌ختی له‌ میلیشیاكانی حه‌فته‌ر پاككردووه‌ته‌وه‌.

04/06/2020 - 10:29 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سوپای لیبیا رایگه‌یاند كه‌ ناوچه‌كانی عێن زاره‌ و دۆڵی ره‌بیع باشووری ته‌رابلوسی پایته‌خت له‌ ده‌ست میلیشیاكانی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر رزگار كردووه‌ و به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه.

گوته‌بێژی سوپای لیبیا، محه‌مه‌د قنونو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كه‌كانی سوپا، میلیشیاكانی‌ سه‌ربه‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر-یان له‌ ناوچه‌كانی عێن زاره‌ و دۆڵی ره‌بیع باشووری ته‌رابلوسی پایته‌خت وه‌ده‌رناوه‌ و ته‌واو كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه‌.

میلیشیاكانی سه‌ربه‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر كه‌ نزیكه‌ی ساڵێك پێش ئێستا فه‌رمانی هێرشكردنه‌ سه‌ر ته‌رابلوسی پا‌یته‌ختیان پێكرا له‌ ماوه‌كانی رابردوودا، دووچاری شكستی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای لیبیا.

سوپای لیبیا ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی باشووری لیبیای له‌ میلیشیاكانی سه‌ربه‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر پاككرده‌وه‌، دوێنێش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ته‌رابلوسی راگه‌یاند.