ئێران.. دوو كه‌س به‌هۆى ڤایرۆسى كۆڕۆناى نوێ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ 

20/02/2020 - 08:19 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ده‌سته‌ڵاتدارانى وڵاتى ئێران رایانگه‌یاند ، دوو هاوڵاتى وڵاته‌كه‌یان به‌هۆى دووچاربوونیان به‌ ڤایرۆسى كۆڕۆناى نوێ ، له‌ شارى "قوم " له‌ ئێران كۆچى دواییان كردووه‌ .

"قیانوش جیهانپور "به‌پرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئێران له‌ تویتێك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر رایگه‌یاندووه‌ :" دوو كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ ، پێشتر خرابوونه‌ژێر چاودێرى ته‌ندروستى ، پاش ئه‌وه‌ى به‌ده‌ست هه‌وكردنى سییه‌كان ناڵاندبوویان " .

له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیشدا ، محه‌ممه‌د ره‌زا قه‌دیر سه‌رۆكى زانكۆى پزیشكى له‌ شارى "قوم " روونیكرده‌وه‌ :" له‌ ماوه‌ى چوار رۆژى رابردوو ژماره‌ى دووچاربووان به‌ هه‌وكردنى سییه‌كان روویان له‌ زیادبوون كردبوو " .

باسى له‌وه‌شكرد " ده‌سته‌ڵاتداران له‌ شارى قوم نه‌خۆشخانه‌یه‌كیان تایبه‌ت كرد به‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌كان ، ئه‌گه‌ر پێویست بكات نه‌خۆشخانه‌ى تریش به‌و بواره‌ تایبه‌ت ده‌كرێت " .

ڤایرۆسێكى نه‌ناسراویش بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ (12) كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو (2019) ، له‌ شارى (ووهان )ى وڵاتى چین ده‌ركه‌وت ، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى كانوونى دووه‌م به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌لایه‌ن په‌كین ئاشكراكرا .

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر