له‌ ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌م حاڵه‌تى ڤایڕۆسى كۆڕۆنا تۆماركرا

28/01/2020 - 08:58 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

وته‌بێژ به‌ ناوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند ، یه‌كه‌م حاڵه‌تى دووچاربوون به‌ ڤایڕۆسى كۆڕۆناى نوێ له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا تۆماركراوه‌ ، باسى له‌وه‌شكردووه‌ ، ئه‌و هاوڵاتییه‌ى دووچارى ڤایڕۆسه‌كه‌ بووه‌ ، له‌ ناوچه‌ى (شتارنبێرگ ) له‌ هه‌رێمى باڤاریا نیشته‌جێییه‌ .
دواى نزیكه‌ى یه‌ك مانگ له‌ ده‌ركه‌وتنێكى نوێى ڤایڕۆسى كۆڕۆنا له‌ وڵاتى چینه‌وه‌ ، تاكو ئێستا (106) كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و ، (4515) كه‌سى تریش دووچارى نه‌خۆشییه‌كه‌ هاتوون ، ئه‌م ڤایرۆسه‌ش بۆ چه‌ند وڵاتێكى تر گواستراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ نێوانیان كۆریاى باشور و ئوسترالیا و مالیزیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیان .
ڤایڕۆسى كۆڕۆناى نوێ ، ڤایڕۆسێكه‌ له‌ شارى ووهانى وڵاتى چین ده‌ركه‌وت ، دووچاربووانیش چه‌ند نیشانه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ هاوشێوه‌ى دووچاربوونه‌ به‌ په‌تاى ئینفلوێنزا .
له‌ نێوان نیشانه‌كانى ڤایڕۆسى كۆڕۆناش ، به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى جه‌سته‌ و هه‌وكردنى لووت و ئاوهاتنه‌ له‌ لووت ، هه‌روه‌ك پژمین و سه‌رئێشه‌ و كۆكه‌یه‌كى توند ، له‌گه‌ڵ ئازارێكى زۆر له‌ گه‌روو له‌ نیشانه‌كانى ترن ، دووچاربووش تواناى قسه‌كردنى نامێنێت ،ئازار له‌ ماسولكه‌كان و هه‌ناسه‌توندیه‌كى زۆریش له‌لاى سه‌رهه‌ڵده‌دات .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر