تڕه‌مپ له‌ دیاریترین به‌شداربووانه‌.. چى له‌ باره‌ى كۆڕبه‌ندى ئابورى داڤۆس ده‌زانیت ؟

21/01/2020 - 10:18 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ (21-1-2020) چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌ندى ئابورى داڤۆس ده‌ستیانپێكرد و ، هه‌مووانیش به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاویان له‌م رووداوه‌ ئابورییه‌یه‌ كه‌ له‌ رووداوه‌ گرنگه‌كانى جیهانه‌ و ، له‌لایه‌ن گه‌وره‌ به‌رپرسان و پیاوانى بازرگانى و راگه‌یاندن و راى گشتى جیهان چاودێرى ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گرنگى ئه‌و بابه‌تانه‌ى تاوتوێ ده‌كرێن و سه‌نگى ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌یه‌ ، كه‌ له‌م كۆڕبه‌نده‌ ئابورییه‌ ئاماده‌ده‌بن .
له‌ ووتارێك كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى "مانى "ئیتاڵى به‌ پێنوسى "كریستیانا كالیاردۆچى " نوسراوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و "دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ " چاودێریكردووه‌ ، له‌باره‌ى كۆڕبه‌ندى داڤۆس چه‌ند زانیارییه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ى گومانیان له‌سه‌ره‌ .
داڤۆس چى یه‌ ؟
له‌ راستى دا داڤۆس ناوى شارێكى بچوكى وڵاتى سویسڕایه‌ ، ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى ته‌نها (11) هه‌زار كه‌سه‌ ، سه‌یرانگایه‌كى بچوكى خلیسكانى سه‌ر به‌فره‌ له‌ چیاى (ئه‌لپ ) ، له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش ئه‌و شاره‌ ناسراوه‌ ، چونكه‌ هه‌موو ساڵێك كۆڕبه‌ندى ئابورى جیهان له‌خۆده‌گرێت .
له‌ ساڵى 1971 به‌ هه‌وڵ و كۆششى (كڵاوس شواب )ى زاناى ئابورى ئه‌ڵمانى دامه‌زرا ، به‌ پشتبه‌ستن به‌ رێكخراوێكى ناحكومى سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ى كۆمپانیا و سه‌ركرده‌كان و چه‌ندین كه‌سایه‌تى كاریگه‌رى جیهان ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر یه‌ك مێز گفتوگۆ بكه‌ن .
كۆڕبه‌ندى ئابورى داڤۆس ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ گفتوگۆى چه‌ندین بابه‌ت ، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سه‌رقاڵ كردووه‌ ، ناوى ئێستاى كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌ ساڵى 1987 به‌و ناوه‌ ده‌ركه‌وت و ، له‌ ساڵى 2015ـش ناوه‌كه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى چووه‌ لیستى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان .
ئامانجه‌كانى چین ؟
ئه‌مڕۆ كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و بۆ ماوه‌ى چوار رۆژیش به‌رده‌وام ده‌بێت و ، به‌شداربووانیش گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆسییه‌ ئابورییه‌كان و بابه‌تى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌ش ده‌كه‌ن .
هه‌موو ساڵێك بابه‌تێك بۆ كۆڕبه‌نده‌كه‌ دیاریكرده‌كرێت ، بۆ ئه‌مساڵیش بابه‌تى سه‌ره‌كى له‌باره‌ى " گه‌شه‌پێدانى به‌رده‌وامه‌ " له‌ ژێر دروشمى " له‌ پێناوى جیهانێكى یه‌كگرتوو و به‌رده‌وامدا " به‌ڕێوه‌ده‌چێت .
ئاسته‌نگه‌ گه‌وره‌كان
چاودێران ترسیان هه‌یه‌ جارێكى تر ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ناكۆكى نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و ، له‌ نێوان ئه‌مریكا و یه‌كێتى ئه‌وروپا ململانێ به‌خۆوه‌ ببینێت ، هه‌روه‌ها ناكۆكیش له‌ نێوان پیاوانى بازرگانى و ئه‌و چالاكوانانه‌ رووبدات ، كه‌ ده‌یانه‌وێت رووبه‌ڕووى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ببنه‌وه‌ ، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى له‌ ده‌یه‌ى سێیه‌مى سه‌ده‌ى (21) رووبه‌ڕووى جیهان ده‌بنه‌وه‌ .
جگه‌ له‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخى ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا ، هه‌ر له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ مه‌ترسى هه‌یه‌ ناكۆكى له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران سه‌رهه‌ڵبدات ، به‌ تایبه‌تى پاش ئه‌وه‌ى گرژییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات روویان له‌ زیادبوون كرد ، له‌ دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى ئێرانى له‌ به‌غداد كرده‌ ئامانج .
هان جینگ جێگرى سه‌رۆكوه‌زیرانى چین سه‌رۆكایه‌تى شاندى وڵاته‌كه‌ى له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌كات , دۆناڵد تڕه‌مپیش به‌ دیاریترین كه‌سایه‌تییه‌ به‌شداربووانه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌یه‌ . دوو كه‌سایه‌تی كوردیش له‌م كۆربه‌نده‌ ئاماده‌ده‌بن ، به‌رهه‌م ساڵح وه‌كو سه‌رككۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر