دیجیتال میدیای سپێده
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە ئەورووپا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری ناوچەی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دکتۆر هانس کلوج لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموونی لە ئەورووپا، کرد.
کلوج دووپاتی کردەوە کە ئەورووپا بووەتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و گوتی: "تا ١٥ی حوزەیران زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەورووپا دەستنیشانکراوە. ژمارەی تووشبووان لە دوو هەفتەی رابردوودا سێ هێندە زیادیکردووە".
ناوبراو راشیگەیاند، زۆرینەی تووشبووان کەسانێکن کە تەمەنیان لەنێوان ٢١ بۆ ٤٠ ساڵدایە و لەسەدا ٩٩ی نەخۆشەکان پیاون.
کلوج ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ڤایرۆسەکە زیاتر لە رێگەی جووتبوونی سێکسی نێر بۆ پیاو دەگوازرێتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەیەکی کەم لەو کەسەکانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە ئەنجامی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ تووشبووەکاندا بووە.
راشیگەیاند، لەسەدا ١٠ی تووشبووان بەمەبەستی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە خەوێندراون و تا ئێستا یەک کەس رەوانەی چاودێریی چڕ کراوە.
کلوج ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیییەکە تۆمار نەکراوە و گوتی: "پەرەسەندنی خێرای نەخۆشییەکە رەنگە لە ماوەیەکی کەمدا تێڕوانینی لیژنەی فریاگوزاری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ دۆخی نائاسایی ڤایرۆسەکە بگۆڕێت".
ناوبراو رایگهیاند که پێویسته جیهان رێوشوێنی بهپهله له بهرامبهر بڵاوبوونهوهی زیاتری ڤایرۆسهکه بگرێتهبهر و گوتی: "نابێت بێباک بین لهبهرامبهر پهتایهک که بهشێوهیهکی خێرا بڵاودهبێتهوه".
ئاوڵەی مەیموون کە یەکێکە لە نەخۆشیە دەگمەنەکان و بەهۆی ڤایرۆسێکی پەتای ناوچەیی (ئیندێمیک)ەوە دروست دەبێت بەپێی جۆرەکەی دەکرێت بە دوو بەشەوە؛ جۆری کۆنگۆ و خۆرئاوای ئەفریقا.
ڤایرۆسەکە کە بە گشتیی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و بە دەگمەن بەهۆی بەرکەوتنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، لە جەستەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی تای بەرز و خوران.