دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بۆ جینین پلاسخارت: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد زامنی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا
دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە بەرواری ٢٠٢٢/٥/٢٥ مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبونەوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو رایگەیاند: وەکوو یەکگرتوو بە سوپاس و رێزەوە لە هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەروانین بەتایبەت کە لە دوایین راپۆرتی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێشتریش مەترسی و هەڕەشەکانی سەر پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراقی خستۆتەروو پڕۆسەی سیاسی عێراق و گەیشتنی بە بنبەست، هەروەها دۆخی سیاسی و ژیانیی هەرێم ،تەوەری سەرەکی دیداری نێوان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو .
مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، دۆخی سیاسی عێراقی بە ترسناک لەقەڵەم دا ، کە بەپێی تەوقیتاتی دەستوری ، تا ئێستا نەتوانراوە پرسی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی وەزیران یەکلا بکرێتەوە. هەروەها بەڕێزیان وتیان تەنیا بە گفتوگۆی سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی ئەو گرێ ئاڵۆزەی پرۆسەی حوکمڕانی دەکرێتەوە. لە بەشێکی تری وتەکانیدا بەڕێزیان ڕایانگەیاند هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی ، بەدەر نین لە کاریگەری نەرێنی قەیرانەکانی حوکمڕانی ، ئێمە لە یەکگرتوو پێمان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد زامنی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا ، ئەوەش پێویستی بە میکانیزمی کردەنی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە .
نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانن رۆڵی کارا و کاریگەری ئیجابی بگێڕن. هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد، ئومێد دەگەرێنێتەوە بۆ هاوڵاتیان بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی هەرێم .
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو وتیان دەبێ بەرژەوندی باڵای هاوڵاتیانی کوردستان ، پێش هەر بەرژەوەندییەکی تری سیاسی بێ ، لەو روانگەیەوە بۆ چارەسەری قەیرانەکان ، دەبێ ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەنگی مەحەک بێ.
جینین پلاسخارت، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردان و دیدارە راگەیاند و لە وتەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆی سیاسی بە چارەسەر دەزانێت بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی.
هەروەها رایانگەیاند بڕیارە لە نزیکەوە لەگەل لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و پێکەوە تاوتوێی چارەسەری پرسە سیاسییەکان بکەین.