دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەنجومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستان، بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ.
له راگهیهنراوى كۆبوونهوهكهدا هاتووه، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/11/25 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران کۆبووەوە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، دوا پێشهاتەکانی ڕێڕەوی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان .
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە ، کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ. ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە .