بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا داوایکردووە هاوکارییان بکرێت لە دۆزینەوەی سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیەی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدابووە.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیدا هاتووە "ئەو فڕۆکەیەی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدابوو، ژمارەی سەرنشینەکانی 84 سەرنشینی بەڕێزن، فڕۆکەکە فڕۆکەی کۆمپانیای قەتەر ئەیروەیس بووە لە دەوحەوە بۆ سلێمانیQR 462، کاتی گەشتنیشی 10:49 خولەکی بەیانی 12-3-2020 گەشتووەتە شاری سلێمانی".
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت "تکامان وایە لە سەرنشینە بەڕێزەکان پەیوەندیمان پێوەبکەن، ناو و ناونیشانی تەواویان بدەنە تیمە پزیشکییەکانمان، خۆمان سەردانیان دەکەین، سامپڵیان لێ وەردەگرین و رێنمای تەندروستی پێویستیان پێشکەش دەکەین تاوەکو ئەوکاتەی ئەنجامەکانیان رادەگەیەنن".
ئەم بانگەوازەی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوە هات، کە ئەمرۆ توشبوونی حەوت کەس بە کۆرۆنا لە سلێمانی راگەینرا، یەکێک لەو توشبووانە لە ئیتاڵیاوە گەرایەوە.