نرخی خاوی برێنت گەیشتە 71 دۆلار و 79 سەنت

01/12/2021 - 17:14 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٧١ دۆلار و ٧٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٧٤ دۆلار و ٥٦ سەنت و رۆژەکەی بە ٦٩ دۆلار و ٢٣ سەنت تەواو کرد.

بەڵام کاتژمێر ٠٩:٣٥ی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕیژەی سەدا ٣،٧٠ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٧١ دۆلار و ٧٩ سەنت فرۆشرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٨ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بڕیارە سبەی، وڵاتانی (ئۆپیک پڵەس) بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆببنەوە.

لە مانگی تەمووزی رابردووودا، وڵاتانی (ئۆپیک پڵەس) بڕیاریاندابوو لە مانگی ئاب تا مانگی کانوونی یەکەم هەر مانگێک، رۆژانە قەبارەی بەرهەمهێنان ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیاد بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت دروست کردووە.

هەروەها بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەنستیتۆی نەوتی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوت لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا، بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ٧٤٧ هەزار بەرمیل کەمی کردووە لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا ١،٧ ملیۆن بەرمیل کەم بکات.