دیجیتال میدیای سپێدە
لەدرێژەی سەردانەکانیدا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدن محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ بەڕێز شێخ ئەحمەد حەسەن تەها سەرۆکی مەجمەعی فقهی عێراقی لە بارەگای مەجمەع لە مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم ئەبو حەنیفەی نوعمان کۆبۆوە.
لەدیدارێکی برایانەدا گفتوگۆیان لەبارەی گرنگی بەهێزکردنی کۆمەڵە زانستی و فقهیەکانی عێراق کرد تابتوانرێت وەک مەرجەعی زانایانی سونە ، لەسەر بناغەی زانستی و فقهی سەردەمیانە رۆڵی کارای خۆی بگێرێت و خزمەت بە خەڵکی موسڵمانی عێراق بکات .
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەمیانەی وتەکانیدا ڕایگەیاند: لەبەرژەوەندی باڵای کۆمەڵگادایە زەمینەی زانستی دروست و ئارام بڕەخسێندرێت بۆ گەیاندنی پەیامی مەجمەعی فقهی .
لەلایەن خۆیەوە شێخ ئەحمەد حەسەن تەها ، باسی لە ڕۆڵی مەجمەعی فقهی کرد ، وەک پێگەیەکی سەنگین و ڕەسەنی زانستی کە هەردەم لەقۆناغە جیاوازەکاندا توانیویەتی خزمەت بکات.
لەکۆتای دیدارەکەدا ، هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و مەجمەعی فقهی عێراقی ، پێکەوە هاوکارو هەماهەنگ بن لە خزمەتی ئاینی و پێگەیاندنی زانایان و برەودان بە زانستە شەرعییەکان .