دیجیتاڵ میدیای سپێده
وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاند، له ئه‌نجامی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت و بڕیاری بانكی ناوه‌ندی بۆ دابه‌زینی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی، ئه‌مساڵ حكومه‌تی عێراق سه‌ره‌ڕای دابینكردنی خه‌رجییه‌كان (بیست ملیار) دۆلاریش زیاده‌ی داهاتی هه‌یه، بۆیه بۆ ساڵی 2022 حكومه‌ت پێویستی به قه‌رزكردن نابێت.
عه‌لی عه‌لاوی، وه‌زیری دارایی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی له چاوپێكه‌وتنێكدا باسی له‌وه‌شكرد، له‌م كاته‌دا كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی گۆڕینی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلار ده‌ركه‌وتون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوه‌ڕی وایه به‌رده‌وامی كاركردن به یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 توانای ئه‌وه‌ی نیه روبه‌ڕوی گۆڕانكارییه ئابورییه‌كان ببێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، حكومه‌تی عێراق پڕۆژه‌ی جێگره‌وه‌ی بۆ پڕۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراك هه‌یه و باوه‌ڕیشی وایه دادگای فیدڕاڵی به‌گوێره‌ی روانگه‌ی دادوه‌ری پڕۆژه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه و هیچ فشارێكی له‌سه‌ر نه‌بوه، بۆیه وه‌زاره‌تی دارایی پابه‌نده به جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
په‌یوه‌ست به بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، عه‌لی عه‌لاوی وتی، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ داهاتێكی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی نه‌كردوه، چ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به داهاتی نه‌وته‌وه بێت یان داهاتی ناوخۆ و ده‌روازه‌كان، بۆیه بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستوری و یاساییه".