دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وەک وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبووەتەوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردانەکان لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبوون.
ھاوکات سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراقی راگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وەک وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، بەھۆی کەمی کاتەوە ناتوانن ئامادەکارییەکان تەواوبکەن، بۆیە پێشنیازیان کردووە، پرۆسەی ھەڵبژارنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دوابخرێت.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رۆژی شەشی حوەزیرانی ئەمساڵی وەک وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردبوو.