بۆ پاراستنى گه‌نجان.. نرخى جگه‌ره‌ به‌زرده‌كرێته‌وه‌ 

27/02/2020 - 13:17 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌ چه‌ند وڵاتێك به‌ دانانى باجى زیاتر یان به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى جگه‌ره‌ ، هه‌وڵده‌درێت زۆرترین ژماره‌ى گه‌نجان و پێگه‌یشتووان له‌ جگه‌ره‌كێشان دووربخه‌نه‌وه‌ ، ئه‌م رێگه‌یه‌ش له‌ چه‌ند وڵاتێك كاریگه‌رى خۆى سه‌لماندووه‌ و ئێستاش وڵاتى میسڕ رووى له‌م رێوشوێنه‌ كردووه‌ .

په‌رله‌مانى وڵاتى میسڕ ره‌زامه‌ندى نیشاندا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى جگه‌ره‌ ، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى بودجه‌ى وڵات و له‌ هه‌مان كاتدا دوورخستنه‌وه‌ى زیاترى خه‌ڵكییه‌ له‌ جگه‌ره‌كێشان .

به‌ پێى رێككه‌وتنى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیش ، بۆ قه‌ڵاچۆكردنى جگه‌ره‌كێشان ، له‌ مادده‌ى (6)دا باسیكردووه‌ ، گرانكردنى نرخى جگه‌ره‌ و دانانى باج له‌سه‌ر جگه‌ره‌ ، رێگه‌یه‌كى كاریگه‌ر و گرنگه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى توتن و جگه‌ره‌ .

هه‌ر له‌و مادده‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌ " سیاسه‌تى نرخ و باج له‌سه‌ر توتن و جگه‌ره‌ ، رۆڵى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و جگه‌ره‌كێشان بپارێزرێت و سنورێك بۆ به‌كارهێنانى توتن دابندرێت " .

به‌ پێى ئه‌و یاسایه‌ نوێییه‌ش كه‌ له‌ وڵاتى میسڕ ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه‌ ، به‌ رێژه‌ى (50%) باج له‌سه‌ر توتن و جگه‌ره‌ زیادده‌كرێت و ، به‌م جۆره‌ش نرخه‌كه‌ى به‌رزده‌بێته‌وه‌ ، به‌ هیواى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌ جگه‌ره‌كێشان دووربخرێنه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا بودجه‌ش بۆ وڵاته‌كه‌ زیادده‌كات .

جێگه‌ى باسه‌ جگه‌ره‌كێشان راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ دووچاربوون به‌ چه‌ندین نه‌خۆشى له‌ سه‌رووى هه‌مووشیان شێرپه‌نجه‌ى سییه‌كان و دووچاربوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانى دڵ و گیرانى لووله‌كانى خوێن دڵ و ده‌ماغه‌ وه‌ستێ و دووچاربوون به‌ شه‌كره‌ .

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر