چین.. ژماره‌ى قوربانیانى ڤایڕۆسى كۆڕۆنا بۆ 80 كه‌س به‌رزده‌بنه‌وه‌

27/01/2020 - 08:29 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

لێژنه‌ى ته‌ندروستى نیشتمانى چین له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كى فه‌رمى رایگه‌یاند ، ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هۆى ڤایڕۆسى كۆڕۆناى نوێ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ ، بۆ 80 كه‌س به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ .
له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ، كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى لێژنه‌ى ته‌ندروستى نیشتمانى چینى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ :" له‌ ئه‌نجامى دووچاربوون به‌و ڤایڕۆسه‌ى له‌ كۆتایى ساڵى رابردوو دۆزراوه‌ته‌وه‌ ، ژماره‌ى قوربانیان به‌و ڤایڕۆسه‌ بۆ (80) كه‌س به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ " .
هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌ " تاكو دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ش (26)ى كانوونى دووه‌م، ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ دووپاتكراوه‌ته‌وه‌ دووچارى ڤایڕۆسه‌كه‌ بوونه‌ بۆ (2744) كه‌س به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ " .
حكومه‌تى چینى باسى له‌وه‌شكردووه‌ " ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ (لى كه‌چیانغ)ـى سه‌رۆكوه‌زیران سه‌ردانى شارى (ووهان )ى كردووه‌ ، ئه‌و شاره‌ى به‌ شوێنى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى ڤایڕۆسى كۆڕۆنا داده‌ندرێن و ، هه‌ر به‌ هۆى ڤایڕۆسه‌كه‌ش (80) كه‌س مردوون " .
دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌ " هه‌وڵه‌كان له‌و شاره‌ به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ى كۆنتڕۆڵى نه‌خۆشییه‌كه‌ بكرێت و ، تیمه‌كانى پزیشكیش له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى تایبه‌ت به‌ دووچاربووانى ئه‌م جۆره‌ ڤایڕۆسه‌ " .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر