په‌یوه‌ندى نێوان كاتژمێره‌كانى خه‌وتن و دووچاربوون به‌ نه‌خۆشى به‌ریشاڵبوونى سییه‌كان

05/01/2020 - 13:09 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

بۆ ته‌ندروستییه‌كى جه‌سته‌یى و ده‌روونى و عه‌قلى ، شه‌وان زوو بخه‌وه‌ ، ئه‌م ئامۆژگارییه‌ هه‌موو كاتێك به‌ گوێچكه‌مان ده‌درێت ، به‌ڵام ئایا كاریگه‌رى و مه‌ترسى زۆر نوستن یان كه‌م نوستن چى یه‌ ؟
وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ له‌لایه‌ن توێژینه‌وه‌یه‌كى نوێى به‌ریتانیا دراوه‌ته‌وه‌ ، توێژنه‌ران له‌ زانكۆى "مانچسته‌ر " ئاشكرایانكردووه‌ ، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى رێكوپێك بۆ ماوه‌ى (11) كاتژمێر ده‌خه‌ون ، یان ئه‌وانه‌ى بۆ ماوه‌ى كه‌متر له‌ چوار كاتژمێر ده‌خه‌ون ، زیاتر مه‌ترسى دووچاربوونیان به‌ نه‌خۆشییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ چاكبوونه‌وه‌ى نیه‌ ، ئه‌ویش نه‌خۆشى به‌ ریشاڵبوونى سییه‌كانه‌ ، رێژه‌ى دووچاربوونیان به‌و نه‌خۆشییه‌ دوو جار تاكو سێ جار زیاتره‌ ، به‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ى حه‌وت كاتژمێر ده‌خه‌ون .
ئه‌مه‌ش بۆ كاریگه‌رى كاتژمێرى بایۆلۆجى له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌و كاتژمێره‌ى كاتى نوستن و كاتى برسییه‌تى و گۆڕانكاری هۆڕمۆنه‌كان و پله‌ى گه‌رمى له‌ش دیاریده‌كات .
به‌ پێى ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر مشكه‌كان ئه‌نجامدراوه‌ ، به‌ گۆڕینى چۆنیه‌تى كاركردنى كاتژمێرى بایۆلۆجى له‌ جه‌سته‌ى مشكه‌كان ، ده‌تواندرێت پڕۆسه‌ى به‌ ریشاڵبوونى سییه‌كانیان بوه‌ستێندرێت .
له‌ پاشان توێژه‌ران ئاشكرایانكرد ، نه‌خۆشى به‌ریشاڵبوونى سییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌مخه‌وى و زۆر نوستن ، ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌و داتایانه‌ى له‌سه‌ر مرۆڤ وه‌رگیرابوون و له‌ بانكى زینده‌كى به‌ریتانیا پارێزرابوون .
توێژه‌ران ئه‌و داتایانه‌یان شیكردنه‌وه‌ كه‌ پێى گه‌یشتبوون ، راشیانگه‌یاند ، كه‌مخه‌وى یان زۆر خه‌وتن ده‌بێته‌ هۆى گۆڕینى فرمانه‌كانى پڕۆتینێك ، ئه‌و پڕۆتینه‌ش به‌رپرسه‌ له‌ رێكخستنى كاتژمێرى بایۆلۆجى ، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى هه‌یه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى كۆلاجین ، كه‌ پڕۆتینێكى سه‌ره‌كییه‌ له‌ شانه‌كانى سییه‌كان .
توێژینه‌وه‌كه‌ نوێیه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى چاسه‌ره‌ى نه‌خۆشى به‌ ریشاڵبوونى سییه‌كان ، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ى ئێستا هیچ چاره‌سه‌رییه‌كى نیه‌ ، ئاشكرایكردنى رۆڵى سه‌ره‌كى كاتژمێرى بایۆلۆجى له‌م نه‌خۆشییه‌دا ، هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌ بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌كه‌ ، به‌ڵام تاكو ئه‌وكات ، نوستنێكى نمونه‌یى ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى دووچاربوون به‌م نه‌خۆشییه‌ .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر