نیشانه‌کانی شێرپه‌نجه‌ پشتگوێ نه‌خه‌ین!

30/12/2019 - 16:25 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ به‌ دووه‌م به‌ربڵاوترین نه‌خۆشی کوشنده‌ له‌ جیهان داده‌نرێت که‌ ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی ده‌ست به‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری بکرێت نه‌خۆش ده‌توانێت ڕزگاریی هه‌بێت.

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ نیشانه‌کانی شێرپه‌نجه‌ شاره‌زا بین و له‌ کاتی هه‌ستپێکردنیدا پشتگوێ نه‌خرێن.
یه‌که‌م: له‌ ناکاو دابه‌زینی کێشی جه‌سته‌
کاتێک له‌ ناکاو کێشی جه‌سته‌ت که‌م ده‌کات بێ ئه‌وه‌ی وه‌رزش ئه‌نجام بده‌یت یان ڕێجیمت هه‌بێت، ده‌کرێت نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌، گه‌رو یان په‌نکریاس بێت.
دووه‌م: پله‌ی گه‌رمی به‌رز
کاتێک پله‌ی گه‌رمی جه‌سته‌ زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشک بکه‌یت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن، قۆڵۆن و گورچیله‌.
سێهه‌م: شه‌که‌تی و ماندوێتی
ئاساییه‌ هه‌ست به‌ ماندوبوون بکه‌یت کاتێک کارێکی زۆر ئه‌نجام ده‌ده‌یت یان گه‌شتێکی درێژت هه‌بێت، به‌ڵام کاتێک پشوو وه‌رده‌گریت به‌رده‌وام ماندوو و شه‌که‌تیت، ده‌کرێت نیشانه‌ی چه‌ندین شێرپه‌نجه‌ی وه‌ک خوێن، گه‌ده‌ و قۆڵۆن بێت.
چواره‌م: ئازار
ئازار یه‌کێکه‌ له‌ باوترین نیشانه‌کانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و زۆرترین کاتیش پشتگوێ ده‌خرێت، شێرپه‌نجه‌ی ئێسک ده‌بێته‌ هۆی ئازار، سه‌رئێشه‌ نیشانه‌ی وه‌ره‌مه‌، ئازاری پشت ده‌کرێت نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن بێت.
پێنجه‌م: له‌ ناوکاو گۆڕانی پێست
ده‌کرێت خۆراک هۆکاری گۆڕانی پێست بێت به‌ڵام کاتێک ئه‌مه‌ پێشتر ڕووینه‌داوه‌، چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ک له‌ سه‌ر پێست ده‌رکه‌وتن، یان پێست تووشی چرچ بوون، هه‌روه‌ها په‌ڵه‌کانی پێست به‌رده‌وام گه‌وره‌بوون، پێست و چاو تووشی زه‌ردبوون، ده‌کرێت به‌ نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ دابنرێت.
شه‌شه‌م: ته‌نگه‌نه‌فه‌سی
ده‌کرێت یه‌کێک بێت له‌ نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک، جگه‌ر و هێلکه‌دان.
حه‌وته‌م: خوێنبه‌ربوونی نائاسایی
نیشانه‌یه‌کی باش نییه‌، پێویسته‌ به‌ زووترین کات سه‌ردانی پزیشک بکرێت، کاتێک خوێن له‌ ده‌مه‌وه‌ دێت له‌ کاتی کۆکه‌دا یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌کانی شێرپه‌نجه‌ی سی، کاتێکیش له‌ گه‌ڵ پاشه‌ڕۆدا خوێن ده‌بینرێت نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن، گورچیله‌ و مێزڵدانه‌.
هه‌شته‌م: قوتدانی خۆراک به‌ ئازاره‌وه‌
کاتێک به‌ زه‌حمه‌ت خۆراکت بۆ قوت ده‌درێت، یان هه‌ست به‌ ئازار ده‌که‌یت، ڕه‌نگه‌ نیشانه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی ده‌م، گه‌رو و سی بێت.
نۆیه‌م: دڵه‌کزێ
دڵه‌کزێ ده‌کرێت چه‌ندین هۆکاری هه‌بێت، وه‌ک خواردنه‌وه‌ی ماده‌ کحولییه‌کان، یان سترێس، به‌ڵام کاتێک به‌رده‌وام بێت به‌ خواردنی ده‌رمانیش خه‌راپتر ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ که‌ نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی هێلکه‌دان، گه‌ده‌ و گه‌رو بێت.
ده‌یه‌م: ئازاری که‌مه‌ر و خه‌مۆکی
ده‌کرێت نیشانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی په‌نکریاس بێت به‌ڵام زۆر کات ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ بۆماوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.

محه‌ممه‌د ئه‌مین