زیندانیان چاكسازی گەورانی سلێمانى په‌یامێك له‌ رێگه‌ى سپێده‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كه‌ن

20/02/2020 - 18:28 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ژمارەیەك لە زیندانیان چاكسازی گەورانی سلێمانى له‌ په‌یامێكدا كه‌ بۆ كه‌ناڵى سپێده‌یان ناردووه‌، داوا ده‌كه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و رێكخراوه‌كان بێته‌ سه‌رخه‌ت و مافی ئازادبوونیان به‌ مه‌رجى چاكسازى پێ بدرێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمه‌ زیندانیان چاكسازى گه‌ورانى سلێمانى له‌ رێگاى كه‌ناڵه‌كه‌تانه‌وه‌ داواكارین له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و دادگاى ته‌مزین، هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌ زووترین كات بێنه‌ سه‌رخه‌ت و هه‌ستى به‌رپرسیارێتیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ مافى ئازادى به‌ مه‌رجى چاكسازى بۆ زیندانیان كه‌ مافێكى ره‌واى خۆیانه‌و بۆته‌ هۆى مانگرتنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ زیندانیان چونكه‌ به‌ یاساى حكومدراوین كه‌ هه‌مان یاسا رێگه‌ى ده‌رچوون به‌ مه‌رجى داوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ماوه‌ى زیندانییه‌كه‌مان ته‌واو بووه‌و چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى مافى زه‌تكراومانین.

زیندانیان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن: له‌ كاتى گرتن و دادگایی كردنماندا به‌شێوه‌ى ناته‌ندروست مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا كراوه‌و چه‌ندین مافمان پێشێل كراوه‌، هه‌روه‌ها كه‌سوكارمان ساڵانێكى زۆره‌ چاوه‌ڕوانن و زۆربه‌شمان دایك و باوكمان له‌ده‌ستداوه‌ ته‌نانه‌ت نه‌مانتوانیوه‌ له‌ پرسه‌كانیان به‌شدار بین.

له‌ په‌یامه‌كه‌ى زیندانیانى چاكسازى گه‌ورانى سلێمانى ئه‌وه‌ش هاتووه‌: ئێمه‌ به‌ یاسایه‌ك حكومدراوین كه‌ له‌ ماوه‌ى حكومه‌كاندان چاكساز بین تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌، ئێتسا دادگا پێویسته‌ راستگۆ بێت له‌گه‌ڵمان، چونكه‌ راستگۆیی به‌شێكه‌ له‌ چاكسازى، ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگاى ئێمه‌ى حكومداوه‌ چاكساز نه‌بێت چى چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌ چاكسازبوونى ئێمه‌ ده‌كه‌ن.