حكومه‌تی هه‌رێم مۆڵه‌تی سێ‌ مانگ ده‌داته‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی قه‌رزارن

20/02/2020 - 15:58 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی سێ‌ مانگ ده‌داته‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی قه‌رزیان له‌لایه‌ و ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ قه‌رزه‌كه‌ نه‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ماڵ و موڵكه‌یاندا ده‌گرێ‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر قه‌رزه‌كه‌ له‌ ره‌هنیان داناوه‌. كۆمپانیاكانیش سه‌رپشك كراون له‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان به‌ كاش یان چه‌كی بانكی بده‌نه‌وه‌.

به‌پێی نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكه‌ بازرگانییه‌كان كه‌ ئاراسته‌ی گشت بانكه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، حكومه‌ت مۆڵه‌تی ته‌نیا سێ مانگ ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی قه‌رزی بازرگانییان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ و ده‌بێ‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ‌ مانگه‌دا قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌: گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان به‌ چه‌كی بانكی یاخود به‌ كاش به‌ مه‌رجێك كڕین و فرۆشتن به‌ چه‌كی بانكییه‌كه‌ نه‌كرابێ‌ و چه‌كی بانكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت". هه‌روه‌ها "چه‌كه‌ بانكییه‌كان به‌ناوی قه‌رزداره‌كه‌وه‌ بێ‌، چه‌كی بانكی هه‌مان پارێزگا بێ‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش چه‌كه‌كه‌ چه‌كی بانكی ئه‌هلی نه‌بێت.

بڕی قه‌رزه‌كانی لای كۆمپانیاكانه‌، له‌نێوان 770 بۆ 800 ملیار دیناره‌، پێشتر چه‌ند جارێك رێنمایی ده‌ركراوه‌ و داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌، حكومه‌تیش ماوه‌كه‌ی بۆ درێژ كردنه‌وه‌.